پەیامی کورد ... ناوەڕۆکی پڕۆژەی ئاگاداركردنەوەی لافاو لە هەولێر دەخرێتەڕوو
لە پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە پڕۆژەی درووست کردنی سیستەمی ئاگاداركردنەوەی لافاو لە هەولێر و دەورووبەری ئەنجام درا، لیژنەیەکیش بۆ پێداچوونەوە و ووردبینی بۆ پڕۆژەکە پێکهێندرا، بە درووستكردنی ئەو پڕۆژەیە، هەولێر دەبێتە یەكەمین شار لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق کە خاوەنی ئەو سیستەمە بێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند، بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە گرتنەبەری ڕێکار و ڕێوشوێنەکانی ساڵانی ڕابردوو، ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی دەبوونە هۆی درووست بوونی لافاو و پەنگخواردنەوەى ئاوی زیادە، توانرا تاڕادەیەكی زۆر، مەترسی درووست بوونی لافاو لەسەر شاری هەولێر و دەورووبەری نەهێڵدرێت، ئەمساڵ دەرەنجامەكانی بینرا.
لە کۆبوونەوەکە بابەتێک لەبارەی پڕۆژەکە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ئاودێری هەولێر پێشكەش كرا. بەشێوەیەكی زانستی ئامانج و چۆنیەتی دانان، كاركردنی سیستەمەكە و ئاگاداربوون لە ڕوودانی لافاو شی کرایەوە. بە درووست كردنی ئەو پڕۆژەیە، هەولێر دەبێتە یەكەمین شار لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق کە خاوەنی ئەو سیستەمە بێت، بۆیە گفتوگۆ لە بارەی سیستەمەكە بەشێوەیەكی گشتی كرا.
ئامانجی پڕۆژەکە، ئاگاداركردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار و هاووڵاتییانە، لە ڕوودانی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو و لافاو بە هۆی گۆڕانی كەشوهەواو و باران بارینی زۆرەوە، هەروەها بەهۆی ئەو سیستەمەوە دەتوانرێت لەڕێگەی درووست كردنی ئەپڵیكیشنی تایبەت و، ڕێنمایی پێویست بە هاووڵاتییان بدرێت.
هاوکات کارەكانی ئەم پڕۆژەیە، بریتی دەبێت لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ لافاو و گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، دیاری کردنی مەترسی ناوچەکان و پلەبەندیان بۆ بکات و دیاری بکرێت، تێیدا زانیاری تەواو و درووستی کەشناسی بۆ هەر ڕووداو و ئەگەرێک بخاتە ڕوو.