پەیامی کورد- قامیشلۆ... حکوومەتی سووریا ئەو ڕێگایانە دادەخات کە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات بە ناوچە و شارەکانی دیکەوە دەبەستنەوە
بەگوێرەی زانیارییانە سەرچاوە خۆجێییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە حکوومەتی سووریا ئەو ڕێگایانەی داخست کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی و ناوچەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەیەکەوە دەبەستنەوە، بە تایبەت لە ناوچەی "ئەسریا" کە پارێزگاکانی ڕەققە، حەلەب و حەما بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
داخستنی ڕێگاکان هاوکاتە لەگەڵ ئەو پێکدادانانەی لە شاری حەلەب ڕوو دەدەن و لە گەڕەکەکانی "شێخ مەقسوود" و "ئەشرەفییە" چڕ بوونەتەوە، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ هێرشێکی هێزەکانی حکوومەت بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە.
بەپێی سەرچاوەکان: "هێزەکانی حکوومەت بازگەی (زەکیە)یان داخستووە کە دەکەوێتە نێوان ڕەققە و حەمە، جگە لە داخستنی چەند بازگەیەکی دیکە، و ڕێگرییان لە پاسەکان (بۆڵمانەکان) کردووە لە هاتووچۆکردن لە نێوان ناوچەکانی حکوومەتی سووریا و ناوچەکانی هەسەدە."
ئاماژەی بەوەش کردیان کە بڕیارەکە بووەتە هۆی ڕاوەستانی جووڵەی گواستنەوە لە نێوان ناوچەکاندا، ئەمەش گەشتی هاووڵاتیانی مەدەنی پەکخستووە، بێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە ماوەی داخستنەکە یان هۆکارەکانی بڵاوبکرێتەوە.