کوشتنی خوێندکارێکی تەمەن ٢٣ ساڵی کورد لە زانکۆیەک لە تاران

Dîroka Belavkirin :
کوشتنی خوێندکارێکی تەمەن ٢٣ ساڵی کورد لە زانکۆیەک لە تاران
پەیامی کورد    ...   کوشتنی خوێندکارێکی تەمەن ٢٣ ساڵی کورد لە زانکۆیەک لە تاران

کوشتنی خوێندکارێکی تەمەن ٢٣ ساڵی زانکۆی شەهید بێهێشتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراوانی حکوومەت؛ بێبەشكردنی بنەماڵەكەی لە وەرگرتنی تەرمەكەی و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسە

بەپێی زانیاریی گەیشتوو لە كەسانی نزیكەوە، ڕوبینا ئەمینیان، خوێندکاری بەشی هونەریی زانکۆی شەهید بێهێشتیی تاران، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، دوای کۆتایی هاتنی خوێندنی زانکۆ، لە کاتی چوونە دەرەوە لە زانکۆ، لە دوورییەکی نزیک و لە پشتەوە تەقەی لێکراوە و گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی نزیكانی ئەو خوێندکارە، گوللەی هێزەکانی حکوومەت بەری كەوتووە و دەست بەجێ گیانی لە دەست داوە. دوای ئەم ڕووداوە، بنەماڵەی ڕۆبینا بۆ ناسینەوەی تەرمەکەی لە کرماشانەوە ڕەوانەی تاران کراون.

نزیكانی ئەو بنەماڵەیە دەڵێن شوێنی هەڵگیرانی تەرمەکان، شوێنێك بووە کە زیاتر لە سەد تەرمی بێ گیانی گەنجان کە بە گشتی لە نێوان تەمەنی ١٨ بۆ ٢٢ ساڵیدا بوون، لەسەر زەوی کەوتبوون. سەرەتا ڕێگە بە ناساندنی تەرمەكە نەدەدرا، دواتر هێزە ئەمنییەکان ڕێگریان لە ڕادەستکردنی تەرمی ڕۆبینا بە خێزانەكەی كردووە.

بەپێی ووتەی نزیكانی، دوای ململانێیەکی زۆر، خێزانەکەی ناچار دەبن تەرمی ڕۆبینا ئەمینیان بە شێوەیەکی نافەرمی بگوازنەوە. بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ دراون و ڕێگەیان پێ نەدراوە بەخاکی بسپێرن.

دواجار ئەو بنەماڵەیە بە دوور لە هەر ڕێوڕەسمێکی فەرمی و لەژێر فشاری تووندی ئەمنی دا ناچار بوون تەرمی ئەو خوێندکارە لاوە لە ڕێگای نێوان کرماشان – کامیاران بە خاک بسپێرن.

نزیكانی ڕۆبینا ئەمینیان هەروەها ڕایانگەیاندووە کە هیچ مووڵەتێکی پرسە بەو خێزانە نەدراوە و هەر کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕوو بووەتەوە.

کوشتنی ئەم خوێندکارە گەنجە و بێبەشكردنی بنەماڵەکەی لە سەرەتاییترین مافی مرۆیی، لەوانەش ڕادەست كردنی تەرمەکە، ناشتنی ئازاد و بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ماتەمینی، نموونەیەکی دیکە لە سەرکوتی خوێناوی و دڕندانەیە کە ژیانی گەنجانی ئێرانی کردۆتە ئامانج