پەیامی کورد ... بەڕێوبەری بەندئاوەکان : ئاستی ئاو سێ هێندە زیادی کردووە و ١٨ بەندئاو سەرڕێژبوون
دوای شەپۆلێکی چڕی بارانبارین لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئاستی ئاوی گلدراوە لە بەندئاوەکان گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی. بەڕێوبەرایەتی گشتی بەندئاوەکان ڕایدەگەێنێت کە ئەمساڵ یەکێکە لە ساڵە هەرە باشەکان و مەترسی ووشکەساڵی بە تەواوی ڕەویوەتەوە.
ڕەحمان خانی، بەڕێوبەری گشتی بەندئاوەکانی هەرێم، لە لێدوانێکی تایبەت دا ڕایگەیاند: "لە کۆی ٢٥ بەندئاوی گەورە و بچووک لە هەرێم، ١٨ بەندئاویان بە تەواوی سەرڕێژیان کردووە. ئاستی گلدانەوەی ئاو بەراورد بە ساڵی ڕابردوو سێ هێندە زیادی کردووە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بەندئاوە گەورەکانی وەک (دووکان، دەربەندیخان، دهۆک و گۆمەسپان) بڕێکی زۆر ئاویان تێدا کۆبووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی بارانبارین، ئاستەکە زیاتر بەرز ببێتەوە.
بەڕێوبەری گشتی بەندئاوەکان جەختی کردەوە کە ئەم زیادبوونەی ئاو کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر:
کشتووکاڵ : دابین کردنی ئاوی پێویست بۆ کێڵگەکان.
گەشتیاری : بووژانەوەی ناوچە گەشتیارییەکانی دەورووبەری بەندئاوەکان.
ئاژەڵداری و سامانی ماسی : دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی سامانی ماسی.
"پسپۆڕانی ئابووری پێشبینی دەکەن ئەمساڵ یەکێک بێت لە ساڵە هەرە پڕ پیتەکان بۆ کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دابەزینی نرخی بەرهەمە ناوخۆیی یەکان دەبێت."