پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی دەستەی بەڕێوبەرایەتی یانەی وەرزشی ئامەد سپۆر کرد
ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە پیرمام، سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی دەستەی بەڕێوبەرایەتی یانەی وەرزشی ئامەد (ئامەد سپۆر) بە سەرۆکایەتی سەرۆکی یانەکە، بەڕێز ناھید ئەرەن کرد.
لە دیدارەکەدا، شاندی میوان کورتەیەکیان لە چالاکییە وەرزشییەکانی یانەی (ئامەد سپۆر ) بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو، کە یەکێکە لە یانە پێشەنگەکانی وولاتی تورکیا. ھەروەھا گرینگی و بایەخدانی ھەرێمی کوردستانیان لە پەرەپێدانی بواری وەرزشی بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد و ڕایگەیاند کە وەرزش ڕۆلێکی گرینگ و بەرچاوی ھەیە لە گەیاندنی پەیامی ئاشتی و برایەتی. ھەروەھا دەستخۆشی لە سەرۆک و دەستەی بەڕێوبەرایەتی و یاریزانان و ھاندەرانی یانەکە کرد و ھیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆیان خواست لە داھاتوودا.
