سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزى فه‌ڕه‌نسا كرد

Dîroka Belavkirin :
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزى فه‌ڕه‌نسا كرد
پەیامی کورد    ...   سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزى فه‌ڕه‌نسا كرد

چوارشەممە ٢٠٢٦/١/١٤ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێز پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و شاندێکی یاوەری، وێڕای پەیوەندییەکانی ھەردوولا، دۆخی ناوخۆی عێراق و ھەرێمی کوردستان و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

ھەردوولا ھیوایان خواست ڕێکارەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دەستنیشان کردنی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ لە وادەی یاسایی خۆیاندا بەڕێوە بچن و حکوومەتێک پێک بێت کە ووڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی ھاووڵاتییان و ئاڵنگارییەکان بێت. ھەروەھا جەختیان لە گرینگی پەلەکردن لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردەوە.

ھەردوولا نیگەرانییان دەربارەی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە دەربڕی و ھاوڕا بوون لەسەر گرینگی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و ڕێگە دیپلۆماسییەکان. لەمبارەیەوە دووپاتیان کردەوە کە گرژییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکەن.

دەربارەی پێشھاتەکانی سووریاش، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ھەموو پشتگیرییەک لە مافەکانی گەلی کورد و ھەموو پێکھاتەکان لە سووریا دەکات. ھەروەھا ووتی : ھەر لە سەرەتای ڕووداوەکانی حەلەب ەوە، لەگەڵ ھەموو لایەنەکان لە ھەوڵدا بووین بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پاراستنی سەقامگیری و لە ھەوڵەکانمان بۆ ھێورکردنەوە، بەردەوامین.

لای خۆیەوە باڵیۆزی فەڕەنسا وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتگیری ووڵاتەکەی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، ستایشی ھەوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەپێناو ئارامی و سەقامگیری دا کرد.

پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھەردوولا؛ تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە یان برێم کونسووڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.