پەیامی کورد ... بە ئامادەبوونی هێزێکی بەرفراوانی ئاسایش و ئەمنی لە چەند شارێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواوی سەتەلایتی ماڵان کۆدەکرێتەوە
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە ڕۆژئاوای وڵاتەوە بە دەست گەیشتوون، ماوەی چەند کاتژمێرێکە هێزەکانی حکوومەت لە شاری قەسری شیرین خەریکی کۆکردنەوەی سەتەلایتی ماڵانن . شایەتحاڵان دەڵێن، ئەم كارە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بە ئامادەبوونی هێزەکانی ئاسایش و ئەمنییەتی لە گەڕەکە جیاجیاکانی شارەکە دەكرێت.
هاوكات، ڕاپۆرتی هاوشێوە لە کرماشان و سنەش بە دەست گەیشتووە و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پڕۆسەیە بۆ چەند شارێک تەشەنەی کردووە. بە ووتەی هاووڵاتییان، ئامانجی سەرەکی ئەم ڕێوشوێنانە کەم کردنەوەی پەیوەندی خەڵک لەگەڵ میدیاكان و جیهانی دەرەوە لە دۆخێكی تووندی ئەمنیەتی دایە.
ئەم کارە لە کاتێک دا دەکرێت کە سنووردارکردنی ئینتەرنێت و فشار لەسەر ئازادی زانیارییەکان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زیادی کردووە و کۆکردنەوەی ئامێرەكانی سەتەلایت دەتوانێت بەشێک بێت لە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ کۆنترۆڵ کردنی تەواوەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری و ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییان بە هەواڵ و زانیارییەكان.