بەرپرسانی ئەمریکی نیگەرانن لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی کورد و هەڕەشەی گەڕانەوەی سزاکانی قەیسەر دەکەن

Dîroka Belavkirin :
بەرپرسانی ئەمریکی نیگەرانن لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی کورد و هەڕەشەی گەڕانەوەی سزاکانی قەیسەر دەکەن
پەیامی کورد... بەرپرسانی ئەمریکی نیگەرانن لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی کورد و هەڕەشەی گەڕانەوەی سزاکانی قەیسەر دەکەن

بەرپرسانی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی سووریا دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕەنگە فراوانتر بێت و ببێتە هەڵمەتێکی گشتگیر کە ئەو هێزانە بکاتە ئامانج کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، ئەمەش هەڕەشەی تێکدانی سەقامگیری سووریا و قووڵکردنەوەی دابەشبوونەکان دەکات.

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی سووریا، بە پاڵپشتی سوپای تورکیا پلانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوان و فرە ڕەهەندی دژی هەسەدە لە گوندەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب داناوە، و ئەگەر هەیە ئەم ئۆپەراسیۆنە درێژبێتەوە بۆ ئەودیو ڕووباری فوڕات و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. هێرشێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی فراوانبوونی مەیدانی شەڕ بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی هێزە ئەمریکییەکانی لێ جێگیرە.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە گرژیی ئەمنی و سەربازی لە نێوان هەسەدە و هێزەکانی حکوومەتدا هەیە کە پێش دە ڕۆژ هێرشیان کردە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب. شەوی ڕابردوو، ژەنراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، کشانەوەی هێزەکانی لە "دێر حافر" و "مەسکەنە" لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب ڕاگەیاند، وەک دەربڕینی نیازپاکی بۆ تەواوکردنی پرۆسەی یەکگرتنەوە و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار؛ وەزارەتی بەرگری سووریاش پێشوازی لە بڕیاری کشانەوەکە کرد.

یاسادانەران و بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا بە تایبەت دەترسن لەوەی ئەگەر شەڕ بگاتە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەو شەڕڤانە کوردانەی کە پاسەوانیی سەدان زیندانیی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" دەکەن لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن، شوێنەکانیان چۆڵ بکەن، ئەمەش ببێتە هۆی ڕاکردنی ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییەکان.

بەرپرسێک ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی سنووری ئۆپەراسیۆنە پێشبینیکراوەکەن. هەندێکیان پێیان وایە شەڕع دەیەوێت شەڕەکە تەنها لە پارێزگای حەلەب بێت، بەڵام هەندێکی تریان پێیان وایە پلان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی فراوانتر دادەنێت کە جووڵەی سەربازی لە ڕۆژئاواوە بەرەو ڕووباری فوڕات و لە باشوورەوە لە سنوورەکانی تورکیاوە دەست پێدەکات.

بەپێی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگری سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە شەڕع پێشتر ڕەزامەندی لەسەر ئۆپەراسیۆنە فراوانەکە داوە.

هەر بەپێی وتەی یەکێک لە بەرپرسەکان، تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ بۆ سووریا، و ئادمیراڵ براد کووپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ڕۆژانە لە پەیوەندیدان لەگەڵ هەردوولا بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی هێرشەکان. هەروەها جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ شەڕع قسەی کردووە و داوای لێکردووە کێشەکانی لەگەڵ کورد چارەسەر بکات.

ئەو بەرپرسە دەشڵێت، بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەگەر دیمەشق بەردەوام بێت لەسەر هێرشە فراوانەکە، سزاکانی "یاسای قەیسەر" دووبارە بەسەر حکوومەتی سووریادا دەسەپێننەوە.