پەیامی کورد ... سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و نوێنهرى سهرۆك ترامپ بۆ كاروبارى سووریا كۆبوونهوه
شەممە ٢٠٢٦/١/١٧ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە تۆم باراک، نوێنەری سەرۆک دۆناڵد ترامپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا و دوایین گۆڕانکارییە مەیدانی و سیاسییەکان، تاوتوێ کران. ھەردوولا ھاوڕا بوون کە ڕێگەچارەی سەربازی کێشەکان چارەسەر ناکات و بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری، پێویستە ھەموو لایەک پەنا بۆ گفتوگۆ و لێکگەیشتن ببەن.
شاندی میوان ستایشی ڕۆڵ و ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و ھەرێمی کوردستانیان کرد بۆ نێوەندگیری نێوان لایەنەکان و ھێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتری گرژییەکان.
لای خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وێڕای سوپاسکردنی ڕۆڵی کارای ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە داھاتووی سووریادا مافەکانی گەلی کورد و تەواوی پێکھاتەکان پارێزراو بێت.
گرینگی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سووریا بۆ ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە، پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتی، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.