بەڕێوەبەریی خۆسەر: دیمەشق پێداگرە لەسەر شەڕ و بژاردەی سەربازی

Dîroka Belavkirin :
بەڕێوەبەریی خۆسەر: دیمەشق پێداگرە لەسەر شەڕ و بژاردەی سەربازی
پەیامی کورد... بەڕێوەبەریی خۆسەر: دیمەشق پێداگرە لەسەر شەڕ و بژاردەی سەربازی

بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ "دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە، بەڵام دیمەشق پێداگرە لەسەر بژاردەی سەربازی".

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق، ڕێککەوتنەکەیان پێشێل کردووە و لە دوێنێ بەیانییەوە تا ئێستا لە چەندین بەرەوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانمان".

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و نیشاندانی نیازپاکی لە ڕێگەی پاشەکشەکردن لە هەندێک ناوچە، بەڵام دیمەشق سوورە لەسەر بەردەوامبوونی شەڕ و بژاردەی سەربازی".

بەڕێوەبەریی خۆسەر لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە "ئامانجی ئەم هێرشانە تێکدانی ئەو برایەتییەیە کە بە خوێنی کوڕان و کچانی گەنجانمان بونیاد نراوە، و نانەوەی فیتنە و توندوتیژییە لەنێوان پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەئامانجگرتنی پێکهاتە ڕەسەنەکانی سووریایە، هەروەها سەپاندنی تەنها یەک ڕەنگە بەسەر ڕەنگاڵەیی پێکهاتەکانی دیکەدا".

داواشی لە "هەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان و بەتایبەت گەنجان کرد، کە چەک هەڵبگرن و ئامادە بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێکی ئەگەری لە ناوچەی جەزیرە و کۆبانێ، و پێویستە بزانین کە ئێمە لەبەردەم شەڕێکی مان و نەمانداین، بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەمان و ناسنامەمان بپارێزین، تەنها یەک بژاردەمان لەبەردەمدایە ئەویش بژاردەی بەرگریی گەلییە".

هەربۆیە داوا لە گەلەکەمان دەکەین لە دەوری هێزەکانیان کۆببنەوە و پێکەوە هاوکار بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشە دڕندانەیە و هەمووان لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بن.

پێشتر و لە دوێنێوە، بەڕێوەبەریی خۆسەر هۆشداریی دابوو لەو مەترسییەی کە لەسەر ئەو زیندانەیە کە چەکدارانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش"ی تێدا دەستبەسەرە لە شاری ڕەققە.

ڕایگەیاندووە کە "بەردەوامیی هێرشەکان و پەرەسەندنی سەربازی لە دەوروبەری ناوچەکەدا ڕەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی زیندانەکە، ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەرلەنوێ چالاکبوونەوەی شانەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، کە لێکەوتەی کارەساتباری دەبێت نەک تەنها بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵکو بۆ سووریا و ناوچەکە و هەموو جیهان".