سەرۆک بارزانی: هیوادارین پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی حکوومەت و قەسەدە لە زووترین کاتدا بوەستێت

Dîroka Belavkirin :
سەرۆک بارزانی: هیوادارین پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی حکوومەت و قەسەدە لە زووترین کاتدا بوەستێت
پەیامی کورد... سەرۆک بارزانی: هیوادارین پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی حکوومەت و قەسەدە لە زووترین کاتدا بوەستێت

سەرۆک مەسعوود بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند؛ هیوادارین کارە شەڕانگێزییەکان و گرژی و پەرەسەندنەکانی ئێستای نێوان هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) لە زووترین کاتدا کۆتایی پێ بێت و هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر ئەو ڕێککەوتنانەی کە پێشتر واژۆ کراون.

سەرۆک بارزانی لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "سەبارەت بە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی سووریا، دوێنێ و لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی گرنگمان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری سووریا، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) ئەنجامدا."

لە بەیاننامەکەدا ڕوون کراوەتەوە: "ئێمە هیوادارین کارە شەڕانگێزییەکان و گرژی و پەرەسەندنەکانی ئێستای نێوان هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە زووترین کاتدا بوەستێنرێن، و هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر ئەو ڕێککەوتنانەی کە پێشتر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەدیهێنانی سەقامگیری لە نێوان لایەنە سوورییەکاندا ئەنجام درابوون."

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: "هەروەها ئەو مەرسوومەی کە سەرۆکی سووریا سەبارەت بە مافەکانی کورد دەریچوواندووە، بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ هەنگاونان لە ئاراستەیەکی ڕاستدا دادەنێین. هیوادارین ئەمە ببێتە زەمینەیەک کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەهێزتر و دەوڵەمەندتر بکرێت، تاوەکو ڕەگ و ڕیشەی دابینکردنی مافەکانی گەلی کوردی لەسەر بنەما یاسایی و دەستوورییەکان لەسەر بنیاد بنرێت."