پەیامی کورد- قامیشلۆ... "ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد" پێشوازی لە مەرسوومی سەرۆکایەتی تایبەت بە کوردانی سووریا دەکات
ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS)، دوێنێ یەکشەممە، پێشوازی لەو مەرسوومە سەرۆکایەتییە کرد کە دوێنێ هەینی سەبارەت بە مافەکانی کوردانی سووریا دەرچوو، و بە "هەنگاوێکی ئەرێنی" وەسفی کرد.
ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: "ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد بە دڵخۆشییەوە مەرسوومە سەرۆکایەتییەکەی سەرۆک ئەحمەد ئەلشەرعی پێگەیشت، کە تێیدا کورد وەک بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی گەلی سووریا هەژمار کراوە و دانی بە مافە کولتووری و زمانییەکانی گەلی کورددا ناوە، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی سەرژمێریی نائاسایی و ئەو شوێنەوارە یاسایی و مرۆییە قورسانەی لێی کەوتبوونەوە."
لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەنجومەن ئەم مەرسوومە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینێت، چونکە یەکەم نزیکبوونەوەی فەرمییە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ باس لە پرسی مافەکانی کورد دەکات، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی سەرژمێریی نائاسایی (ئیحسا) ڕێکارێکە کە بەشدار دەبێت لە لادانی ئەو ستەمە مێژووییەی بەرانبەر دەیان هەزار هاووڵاتیی کورد کراوە."
ئەنجومەن جەختی کردەوە کە ئەوەی لە مەرسوومەکەدا هاتووە "هەنگاوێکە لەسەر ڕێگەی چارەسەری گشتگیر و دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد، وەک پرسێکی سیاسی و نیشتمانی کە پێویستی بە چارەسەرێکی قووڵتر هەیە، لەسەر بنەمای دانپێدانانی دەستووری بە مافە نەتەوەییەکان و زامنکردنی شەراکەتی ڕاستەقینە لە بنیادنانی دەوڵەتدا."
هەروەها ڕایگەیاندووە: "ئەم مەرسوومە بنەمایەکە دەتوانرێت کاری لەسەر بکرێت بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی جدی و بەرپرسیارانە لەنێوان حکومەتی سووریا و شاندی کوردیی هاوبەش، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام کە لە دەستووردا مافە کولتووری، زمانی، نەتەوەیی و سیاسییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیموکراسی فرەخوازی ناناوەندیدا بچەسپێنێت. هەروەها بە پێویستی دەزانێت بازنەی دیالۆگ فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە بنەمای قۆناغێکی نوێ کە دادپەروەری و دانپێدانان بە مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بێتە ئاراوە."
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، داوای ڕاگرتنی سەرجەم کارە شەڕەنگێزییەکانی کرد لە ڕێگەی ئاگربەستێکی گشتگیر و پابەندبوون بە بەندەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە ئەمڕۆ ڕاگەیەندرا، هەروەها داوای کرد ئەم هەلە بقۆزرێتەوە بۆ قووڵکردنەوەی دیالۆگی سیاسی و نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پرسە نیشتمانییەکان.