پەیامی کورد- قامیشلۆ... فەرماندەی هەسەدە: شەڕمان بەسەردا سەپێنرا و ڕێککەوتنێک لەگەڵ دیمەشق بۆ ڕاگرتنی ڕشتنی خوێن واژۆ کرا
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، شەوی ڕابردوو یەکشەممە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی کاتیی سووریا بۆ ڕاگرتنی شەڕ واژۆ کراوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە "شەڕمان بەسەردا سەپێنراوە".
عەبدی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا گوتی: "شەڕمان بەسەردا سەپێنرا سەرەڕای ئەوەی ئێمە دەمانویست هێرشەکان ڕابگیرێن، بەڵام چەند لایەنێک پێشتر پلانیان بۆ ئەم هێرشانە داڕشتبوو."
فەرماندەی هەسەدە ڕوونی کردەوە کە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ دیمەشق واژۆ کراوە "بۆ ڕاگرتنی ڕشتنی خوێن".
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا، واژۆکردنی ڕێککەوتنی "ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێ لە هەموو بەرەکانی جەنگ و خاڵەکانی بەریەککەوتنی نێوان هێزە حکومییەکانی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات"ی ڕاگەیاندبوو.
جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی گوتیشی: "دوای گەڕانەوەمان لە دیمەشق، بەندەکان و وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە بۆ گەلەکەمان ڕوون دەکەینەوە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "بڕوام وایە گەلەکەمان و دۆستانمان لە هەڵوێستی ئێمە تێدەگەن و پاڵپشتیمان دەکەن."