پەیامی کورد... سەرۆکایەتیی سووریا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەنێوان حکومەت و هەسەدە لە حەسەکە ڕادەگەیەنێت
سەرۆکایەتیی سووریا، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەبارەت بە ژمارەیەک پرسی پەیوەندیدار بە داهاتووی پارێزگای حەسەکە هاتە ئاراوە.
سەرۆکایەتیی سووریا لە بەیاننامەیەکدا وتی: "ڕێککەوتن کراوە لەسەر پێدانی ماوەی چوار ڕۆژ بە هەسەدە بۆ ڕاوێژکردن بە مەبەستی داڕشتنی پلانێکی ورد بۆ میکانیزمی تێکەڵکردنی ناوچەکان بە شێوەیەکی کردەیی".
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەگەری ڕێککەوتندا، هێزەکانی سووریا ناچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و لە دەوروبەریان دەمێننەوە، بەو مەرجەی دواتر خشتەی کاتی و وردەکارییەکانی تێکەڵکردنی ئاشتییانەی پارێزگای حەسەکە، بە شاری قامیشلۆشەوە، تاوتوێ بکرێت.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە جەخت کراوەتەوە هێزە سەربازییەکانی سووریا ناچنە ناو گوندە کوردییەکان، و هیچ هێزێکی چەکدار لەو گوندانەدا نابێت جگە لە هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکانی دانیشتووانی ناوچەکە بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە.
بەیاننامەی سەرۆکایەتی ئاماژەی بەوەش کردووە، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، کاندیدێک لەلایەن هەسەدەوە بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری بەرگری پێشنیار دەکات، جگە لە پێشنیارکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە، و چەند ناوێک بۆ نوێنەرایەتیکردن لە ئەنجومەنی گەل و لیستێکی ناوی کەسەکان بۆ دامەزراندن لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا.
جەختیشی کردەوە کە هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر تێکەڵکردنی هەموو هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە لەناو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا، لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان لەسەر میکانیزمی وردی تێکەڵکردنەکە، هەروەها دامەزراوە مەدەنییەکان لەناو پێکهاتەی حکومەتی سووریادا تێکەڵ دەکرێن.
ڕوونیشی کردەوە کە مەرسوومی ژمارە ١٣ی تایبەت بە مافە زمانەوانی، کولتووری و مافەکانی هاووڵاتیبوونی کورد جێبەجێ دەکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە جێبەجێکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە لە کاتژمێر هەشتی ئێوارەی ئەمڕۆوە دەست پێدەکات.