پەیامی کورد ... ئەرمینیا و ئازەربایجان لە سەر ئاگربەستی مرۆیی ڕێککەوتن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ئاگربەستێکی مرۆیی ڕێککەوتوون و ڕێککەوتنەکە لە کاتژمێر ٨ی بەیانیی ڕۆژی ٢٦ تشرینی یەکەم، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتى دەرەوەى ئەمريكا، ناوەڕۆكى دەقى گەيشتنى ئيدارەى ئەمريكا، ئازەربايجان و ئەرمينيا بە ڕێككەوتن لەسەر ئاگربەستێكى مرۆيى ڕاگەياند.
لەم چوارچێوەيەدا، ئاگربەستى مرۆيى لە نێوان ئازەربايجان و ئەرمينيا ڕۆژی ٢٦ تشرینی یەکەم لە كاتژمێرى ٨ی بەيانى بە كاتى ناوخۆيى دەچێتە بوارى جێبەجێكردنەوە.
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان ئاگربەستی نێوانیانی لەگەڵ ئەرمینیا ڕاگەیاند و ئاشکرایکرد، بڕیاری ئاگربەستی کاتی بەپێی بەیاننامەی مۆسکۆ لە ڕێکەوتی ١٠ تشرینی یەکەم و بە پشتبەستن بە بەیاننامەی ٥ی تشرینی یەکەمی ھاوسەرۆکانی گروپی ڕێکخستنی ھاریکاری ئەمنیی ئەوروپا-مینسک و بەیاننامەی ١ تشرینی یەکەم-ی سەرۆکی وڵاتان لە گروپی ڕێکخستنی ھاریکاری ئەمنیی ئەوروپا-مینسک، دەرکراوە.
شەڕ لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ڕۆژی ٢٧ی ئەیلول لەسەر هەرێمی قەرەباغ دەستیپێکرد، قەرەباغ ناوچەیەکی چوار هەزار و ٨٠٠ کیلۆمەتریی نێوان وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمینیایە، دانیشتوانی هەرێمەکە ئەرمەنین و ماوەی ٣٠ ساڵە قوربانی دەدەن لە ناکۆکییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینا، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە ٣٥ هەزار کەس لەم شەڕە درێژخایەنەدا کوژراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە