پەیامی کورد ... دوای بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سووریا هەوڵێکی زۆر ھەیە بۆ ئەوەی ھێزەکانی سووریا خۆیان ناوچەکە بەڕێوە ببەن و لەو چوارچێوەیەدا ئەمریکا دەیەوێ لایەنەکانی نێو ئەنجومەنی نیشتمانی کورد بگەڕێنەوە ڕۆژئاوای کوردستان. سەرۆکی ئەنجومەنەکەش نایشارێتەوە کە هەوڵەکانی ئەمریکا ھەر بەردەوامە و چەندین کۆبوونەوەش لە نێوان ئەمریکا و پەیەدە لە لایەک و ئەمریکا و ئەنەکەسە لە لایەکی دیکەوە بەڕێوە چوونە.
نەواف حەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا ئاشکرای کرد: "ڕاستە بەر لە چەند مانگێک ئەمریکا هەوڵی دا ھەردوولا بگەینێتە ڕێککەوتن و دانیشتن لەگەڵ پەیەدە و لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی کوردیش کرا، دواکۆبوونەوەش لە شاری هەوڵێر بەڕێوە چوو لە نێوان ئەمریکا و ئەنجومەنی نیشتمانی کورد. ئێمە تەنیا داواکاریمان ئەوە بوو لە کاتی درووستکردنی ناوچەی ئارامدا خەڵکی ئەو ناوچەیە خۆیان بەڕێوە بەرن و خەڵکی دیکە دەست لە کاروباریان وەرنەدات."
یەکێک لە گرێیە کوێرەکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانی کورد و ئەو ھێزانەی سەر بە پەکەکەن گەڕانەوەی لەشکری پێشمەرگەی ڕۆژە، چوونکە ھێزەکانی پەیەدە جگە لەو ھێزانەی لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە سەر بە خۆیانن، ڕێگە نادەن ھیچ ھێزێکی دیکەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ھەبێت. حەسەن دەڵێت: "ئێمە لە ڕووی سیاسییەوە نوێنەرایەتیی لەشکری پێشمەرگەی ڕۆژ دەکەین، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەگەڵ ئێمە و لەگەڵ پەیەدەش بەردەوامە، بەڵام ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی نەبووە، چونکە ئێمە ڕازی نابین خەڵک لە ناوچەیەکی دیکەوە بێت دەسەڵاتی بە سەر خەڵکی ئێمەدا ھەبێت."
پەیوەست بە پرسی گەڕانەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد بۆ ڕۆژھەڵاتی فورات و ڕۆژئاوای کوردستان، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد، ڕوونی کردەوە: "ئێمە لەو باوەڕەدا نین بە ھیچ شێوەیەک ڕژێمی بەشار ئەسەد بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی بەر لە ساڵی ٢٠١١ لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمدا بوو، بەڵام کاتێک ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی دەرکرد هەوڵێک لە لایەن پەیەدەوە درا بۆ ئەوەی ڕژێمی سووریا بگەڕێتەوە ھەندێ ناوچە و فەرمووی لە ھێزەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد کرد، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی لە ھاوینی ٢٠١٢دا کەوتبووە ژێر دەستی پەیەدە، بەڵام زۆر زەحمەتە تازە ڕژێم بگەڕێتەوە، چوونکە ووڵاتانی زلھێز ڕازی نابن بە گەڕانەوەی ھێزەکانی بەشار ئەسەد بۆ ئەو ناوچانە."
دوای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سووریا بە ھۆی بەڕێوەچوونی شۆڕشی جەماوەرییەوە ڕژێمی سووریا ناچار کرا لە زۆربەی ناوچەکانی سووریا پاشەکشە بکات و ئێستا دەیەوێ بگەڕێتەوە، بەڵام وەک نەواف ئاماژەی بۆ دەکات گەڕانەوەی ڕژێم بۆ ھەر ناوچەیەکی سووریا مەترسی زۆر گەورە بۆ سەر خەڵکەکەی درووست دەکات و دەڵێت: "لەبەر ئەوەشە ئەمریکا و ھەموو ئەو وڵاتانەی ڕۆڵیان لە سووریادا هەیە ھەنگاوێکی وەھا قبووڵ ناکەن."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە