پلاسخارت: یەکڕیزیی لایەنەکان هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات

پلاسخارت: یەکڕیزیی لایەنەکان هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات

 


پەیامی کورد … پلاسخارت: یەکڕیزیی لایەنەکان هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات

 

 

نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، یەکڕیزیی لایەنەکان هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 19-5-2021، جێنین هێنیس پلاسخارت، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق، بەشداریی کۆنفرانسێکی زانکۆی کوردستان - هەولێری لەژێر ناونیشانی (یەکڕیزی و دەستوور)ی کرد و وتارێکی پێشکەش کرد.

 

جێنین هێنیس پلاسخارت رایگەیاند: قوربانیی زۆر دراوە تا هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەم قۆناغەی ئێستای، بەڵام ”وەک هەر شوێنێکی دیکە ئازادییەکان بە ئاسانی بە دەست نایەن و یەکڕیزی کلیلی سەرکەوتنە".

 

نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوونی جیاوازییە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە هەرێمی کوردستان بە خاڵێکی گرنگ و رێگەخۆشکەر بۆ بەرەو پێشچوونی زیاتری هەرێمی کوردستان، هەژمار کرد.

 

پلاسخارت جەختی لەوە کردەوە، کە یەکڕیزیی لایەنەکان دەتوانێت هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات، ”کاتێک یەکڕیزی نەبێت پێچەوانەکەی دەبێت، هەرێمی کوردستانێکی بەهێز، عێراق بەهێز دەکات نەک هەر لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش".

 

نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێویستی زانی هێزەکانی پێشمەرگە رێک بخرێنەوە و یەکڕیز بن و رایگەیاند: ”نابێ چیتر هەرێمی کوردستان بەسەر دوو زۆن دابەشبێت، بۆ سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەبێ سازانی نیشتمانی هەبێت".

 

جێنین پلاسخارت پێی وایە بەهۆی نەبوونی پەیوەندیی و گفتوگۆی لایەنەکان، نەتوانراوە دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان بنووسرێتەوە، کە دەبێتە ”هەلێکی باش بۆ ژیانی هەموو پێکهاتەکان و دڵنیایی بۆ خەڵک دروست دەکات“.

 

لە کۆتایی وتارەکەیدا، پلاسخارت جەختی لە بەردەوامبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاڵپشتی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە.ا

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە