دزەیی: هەرێم ئاگاداری‌ سنوربەزاندنی سوپای توركیا‌و ئێران نییە

دزەیی: هەرێم ئاگاداری‌ سنوربەزاندنی سوپای توركیا‌و ئێران نییە

وتەبێژی حكومەتی هەرێم رەتیدەكاتەوە هیچ ئاگاداری و رێككەوتنێكی لەبارەی هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم هەبێت، هاوكات بوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا و ئێران بە هۆكاری هێرشی هەریەك لە توركیا و ئێران دەزانێت بۆ ناو خاكی عێراق.

سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدەنگی ئەمەریكای رایگەیاندووە، "لە ڕاستیدا هاتنی ئەو هێزەی سوپای توركیا بۆ هەرێم پشت ڕاستناكرێتەوە، ئەوەی باسیان كرد بۆ ناحیەی سیدەكان بەتایبەت تۆپزاوا، چونكە هەمووان دەزانن ئەو ناوچە سنوریانە لە ساڵانی هەشتاكانەوە حكومەتی عێراق و توركیا سەبارەت بەو ناوچانە رێككەوتنێكیان هەبوو كە سوپای توركیا بەمەبەستی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن دەتوانن 20 كیلۆمەتر بەقوڵایی خاكی عێراق بێنە ژورەوە، كاتێك كە لە شكری عێراق لە شەڕی ئێران سەرقاڵ بوو".

دەشڵێت، "ئەوەی ئێستا باس دەكرێت پشتڕاستناكرێتەوە ئەو كێشەیە هەمیشە لەئارادا بووە."

سەفین دزەیی ئاماژەیە بەوەشکردووە، کە "بوونی هێزەكانی پەكەكە لەو ناوچانە وایكردووە هەمیشە دەستدرێژی بكرێتە سەرخاكی كوردستان، هیوادارین خاكی هەرێم نەبێتە جێگای ململانێ لەگەڵ توركیا یاخود ئێران خەڵكی كوردستان خۆیان تووشی نەهامەتی زۆر بوون و بڕواناكەم تەحەمولی ئاوارەیی و نەهامەتی دیکە بكەن، هیوادارم ئەو هێزانەش كە لەو ناوچە سنوریانەن ڕێگە بەخۆیان نەدەن چیتر ببەنە هۆكاری نەهامەتی بۆ خەڵكی كوردستان".

دزەیی راشیگەیاندووە، "حكومەتی هەرێم هیچ رێككەوتن و ئاگادارییەكی هەرێم لەسەر هاتنی سوپای توركیا نیە وە پشتڕاستیش نەكراوەتەوە، بەڵام زۆر جار وابووە لەڕابردووشدا تۆپبارانكردنی ناوچە سنورییەكان و هاتنی هێزێكی تایبەت بۆ ئەو ناوچانە بۆ چەند سەعاتێك و گەڕانەوەیان، بەڵام ئەو هێزەی ئێستا باس دەكرێت بەو شێوەیە، پشتڕاستناكرێتەوە هیوادارین شتی واڕوونەدات".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە