گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان دەڵێ، نووسراوێکی بهغدایان بە دەست گەیشتووه، زانیویانه ساختەیە و دهستبهجێ بەغدایان لێ ئاگادار کردوهتەوە.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە میدیایەکی عەرەبی راگەیاندووە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەر سەرپەرشتیكردنی فرۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی لە لایەن فەرمانبەرانی سەر بە حكوومەتی فیدڕاڵی رازی بووە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمیش دەڵێ، ''وەڵامی کۆتایی لای ئێمە نییە.''
وێڕای هەوڵە دەرەکی و ناوخۆییەکان لەسەر بەغدا بۆ کردنەوەی هەردوو فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی و گفتۆگۆکان، تاوەکو ئێستا ئەنجامی کۆتایی نەبووە، عەبادییش لە دوالێدوانیدا لەسەر کردنەوەی هەردوو فڕگهکە، گوتی: "هەتاوەکو هەرێم رازی نەبێ دەستەڵاتی تەواوی فیدراڵی بەسەر فڕگەکاندا جێبەجێ بکەین، گەر تا ١٠ ساڵی تریش بێت، فرگەکان ناکەینەوە".
ئومێد محەممەد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوان ئاگاداری ئەو رێککەوتنانە نین، کە پەیوەندییان بە وەزارەتەکەیانەوە نییە، نموونەشی بە بەشی جەوازات و گومرگ و ئەمنیی فڕگهكان هێنایەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە دوالێدوانیشیدا ئاماژەی بە ساختەکردنی ئەو نووسراوەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، سەبارەت بە کردنەوەی هەردوو فرۆکەخانەکانی هەرێم و گوتی: "ئێمە تەنیا بڕیارمان داوە بە رووی عەمرەکاندا بکرێتەوە، هاوکات حاڵەتێکی فەرمیی پێویست"، ئومێد گوتی: "کاتێک نووسراوەکەمان بۆ هات، زانیمان ساختەیە، پرسیاری بەغدامان کرد و وتیان ئەو نووسراوە، بەو شێوە نییە، ناشزانین کێ ساختەی کردووە و چ مەبەستێکی لە پشتەوەیە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە