پەیامی کورد … كازمی راستەوخۆ چاوی بە بكوژی بەڕێوەبەری شارەوانی كەربەلا كەوت
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق راستەوخۆ چاوی بە بكوژی بەڕێوەبەری شارەوانی كەربەلا كەوت و جەختی لەوە كردەوە، پێویستە دادگا تۆڵە لە بكوژان بكاتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق چووە پارێزگای كەربەلا و لە شوێنی رووداوەكە چاوی بە بكوژی ئەندازیار عەبیر سەلیم بەڕێوەبەری شارەوانی كەربەلا كەوت، كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كرا و برایە شوێنی رووداوەكە.
كازمی لە وتەیەكدا وتی، پێویستە یاسا رۆڵی خۆی بگێڕێت لە تۆڵەكردنەوە لە بكوژان بۆ ئەوەی ببنە پەند بۆ كەسانی تریش و ئەوانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر كارمەندان لەكاتی جێبەجێ كردنی ئەركەكانیاندا.
سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لەوەش كردەوە، هەوڵەكانی حكومەتەكەی بۆ جێبەجێكردنی یاسا بەردەوامە و لە پێشوو خێراتر بەڕێوە دەچێت لە سەرجەم پارێزگاكاندا.
لەكاتی هەوڵدان بۆ لابردنی زیادەڕەوی لەسەر زەوییە كشتوكاڵیەكان، رۆژی سێشەممە بەڕێوەبەری شارەوانی كەربەلا لەلایەن كەسێكەوە تەقەی لێكراو كوژرا، ئەوەش دوای دروست بوونی شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوانیاندا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە