بە فەرمی بڕیار لەبارەی گۆڕانكاری لە ئیدارەی پارێزگای دهۆك نەدراوە

بە فەرمی بڕیار لەبارەی گۆڕانكاری لە ئیدارەی پارێزگای دهۆك نەدراوە

پەیامی کورد    ...    سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك گوتی، لە زۆر دەزگای راگەیاندن دەنگۆی گۆڕانكاری لە ئیدارەی پارێزگای دهۆك بڵاو كراوەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا بە فەرمی هیچ بڕیارێك لەو بارەیەوە نەدراوە.

فەهیم عەبدوڵڵا حەمۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك رایگەیاند: "كە حكوومەتی نوێ درووست دەكرێت، ئاساییە گۆڕانكارییش بكرێت و لە ئێستادا ئەولەوییەتی حكوومەتی هەرێم رێكخستنی وەزارەتەكان و چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە و دواتریش گۆڕانكاری لە ئیدارەی پارێزگاكاندا دەكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ شتێكی فەرمی بۆ ئێمە نەهاتووە بۆ ئەوەی گۆڕانكاری بكرێت".

حەمۆ گوتیشی، لە ئێستادا دەنگۆی زۆر بڵاو دەكرێنەوە لەبارەی گۆڕانكاری لە ئیدارەی پارێزگای دهۆك و باسی زۆر ناویش دەكرێت، بەڵام ئەوانەی بڵاو دەكرێنەوە هیچی فەرمی نین و هەموو پێشبینییە، بۆیە كارێكی باش نییە كە شتێك فەرمی نەبێت بڵاو بكرێتەوە، ئەمە وادەكات ئەو میدیایانە راستگۆیی خۆیان لە دەست بدەن، بۆیە پێویستە شت فەرمی بێت ئینجا بڵاو بكرێتەوە.

دەشڵێ: "بێگۆمان گۆڕانكاری دەكرێت لە پۆستی پارێزگار و رەنگە لە ئەنجومەن و بەڕێوەبەرانی گشتی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانیش بكرێت و زۆریش دواكەوتووە، كە پێویست بوو زووتر بكرێت، بە تایبەت بەڕێوەبەرە گشتییەكان، بەڵام تاوەكو ئێستا بە فەرمیی هیچمان بۆ نەهاتووە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە