مامۆستایەکی قوتابخانە لەلایەن دەزگای ئێستێخباراتی سنەوە کوژراوە و هەڕەشە لە بنەماڵەکەی کراوە کە نابێت بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە بکەن.
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان ، ڕۆژی هەینی " ٢٢ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ " ، تەرمی مامۆستایەکی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی سنە بە ناوی ”فەرزاد وەزیری“ لەماڵی باوکی دۆزراوەتەوە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی وەزیری لەو بارەوە ڕایگەیاند کە تەرمی فەرزاد کاتێک باوک و دایکی لە ماڵەوە نەبوون دۆزراوەتەوە و پزیشکی دادوەری سنەش ڕایگەیاندووە کە ناوبراو لەڕێگای خواردنی حەبی سیانوورەوە خۆی کوشتووە.
ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا ڕایگەیاند کە فەرزاد وەزیری لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە هۆی پۆستێکی فەیسبووکییەوە بانگهێشتی دەزگای ئێستێخباراتی سنە کراوە و هەڕەشەی لێکراوە و هەروەها لە دوایین ڕۆژەکانی هاوین بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە ئەمساڵ دەبێ لە یەکێک لە گوندە دوورە دەستەکانی شاری بیجاڕ وانە بڵێتەوە.
ئەوە بنەماڵەی وەزیری تووشی شک و گومان کردووە ئەو نامەیە کە کە بە خەتی فەرزاد نووسراوە. لەو نامەیەدا هاتووە کە ” من هیچ کێشەیەکم نەبووە و تەنیا لە ژیان ماندوو بووم، بە هیچ شێوەیەک بەدواداچوون بۆ کەیسی خۆکوشتنی من نەکەن“.
ئەو سەرچاوەیە کە نزیکە لە بنەماڵەی وەزیری ووتی کە ئەندامانی بنەماڵەی وەزیری لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئیدارەی ئیتلاعات بە زۆر ئەو نامەیان پێ نووسیوە و دواتر کوشتوویانە.
هەروەها دەزگای ئێستێخبارات بە باوک و دایکی ئەو مامۆستا کوردەیان وتووە کە ئەگەر دەتانهەوێ منداڵەکانی دیکەتان تووشی کێشە نەبن ئەوە واز لە بەدواداچوونی کەیسی خۆکوشتنی کوڕەکەیان بێنن.
فەرزاد وەزیری تەمەن ٢٨ ساڵ، خاوەن بڕوانامەی ماستەر و هەروەها سەڵت بووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە