پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە شاندێکى دیوانى وەقفى سووننى دەکات
سەرۆک نێچیرڤان داکۆکى لەوە دەکاتەوە کە پێویستە هەموو پێکهاتە عێراقییەکان لە مافەکانیان و لە ئێستا و داهاتوویان دڵنیا بن و هاوبەشى دەسەڵات و بەڕێوەبردنى ووڵات بن، بۆ سەقامگیری عێراقیش دەبێ کێشە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن و هەمووان پێکەوە لەپێناو بەرژەوەندی ووڵات و پێش خستنیدا کار بکەن.
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 14/2/2021 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە د. سەعد حەمید کەمبەش، سەرۆکى دیوانى وەقفى سووننى و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە دیدارێکدا دۆخى سیاسی عێراق و مەترسییەکانى تیرۆر و هەڵبژاردنەکانى داهاتوو تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە پێویستیى عێراق بە تەبایى و پێکەوەژیان و لێبوردەیى و بە سەقامگیرى و ئارامى و هاوبەشی هەموو پێکهاتەکان لە پێگەکانى دەسەڵات و بەڕێوەبرندنى ووڵاتدا کردهوە و هاوڕا بوون کە دەبێ پێکهاتە عێراقییەکان پێکەوە کار بکەن، بەپێى دەستوور کێشەکانى ووڵات چارەسەر بکرێن و مافەکانى تەواوى پێکهاتەکان دەستەبەر بکرێن.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا بەڕێز سەرۆکى دیوانى وەقفى سوننى و شاندى یاوەرى، پوختەیەکیان دەربارەى پێکهاتە و کار و چالاکییەکانیان خستە ڕوو و جەختیان لە میانڕەویى و ئاشتیخوازى و نەرمی گوتارى وەقفەکە کردەوە کە لە زیاتر لە سێزدە هەزار مینبەرى مزگەوت و سەدان قوتابخانە و ئامادەیى و پەیمانگە و کۆلێژەوە لە هەموو ناوچەکانى عێراق ئاراستە دەکرێت و خۆشحاڵیى خۆیان بە کارکردن و هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانى هەرێمى کوردستان دەربڕى.
شاندەکە هەروەها سوپاس و پێزانینى خۆیان بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە کە پێشوازییان لە ئاوارەکانى ناوچە سونییەکانى عێراق کردووە و هەموو هاوکارییەکیان پێشکەش کردوون کاتێک لە دەست تیرۆرى داعش، هانایان بۆ هەرێمى کوردستان هێنا و بێ کێشە و بە ئارامى لێرە مانەوە و پارێزران و بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.
هەر یەکە لە بەڕێزان د. محەمەد نوورى ئەلحاتەمى، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کارگێڕى و د. مشعان خەلیل ئەلخەزرەجى، ڕاگرى کۆلێژى ئەلئیمام ئەلئەعزەم و نوورەدین محهمهد حهمید بەڕێوەبەرى گشتی ڕێوڕەسمەکان و هەماهەنگی دیوانى وەقفى سوننى، ئەندامى شاندەکە بوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە