وەزارەتی شەهیدان لەبارەی گەڕاندنەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی شەهیدان لەبارەی گەڕاندنەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان ڕوونکردنەوە دەدات

پەیامی کورد... وەزارەتی شەهیدان لەبارەی گەڕاندنەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی کاروباری شەهیدان دەڵێت، کاریان لەسەر گەڕاندنەوەی ١٧١ شەهیدی جینۆسایدکراو کردووە، بەڵام سەرەتا بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دواتریش ژمارەیەک پەرلەمانتار و کەسوکاری ئەنفالکراوان ڕێگربوون لە گەڕاندنەوەیان.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٩ و لە کاتی دۆزینەوەی ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵ لە بیابانی سەماوە و بە دیاریکراوی لە ناوچەی (تل الشیخیە)، بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی وەزارەت بە هەماهەنگی دەزگای شەهیدانی عێراق تیمەکانیان ناردە شوێنی گۆڕەکان و بەشداربوون لە هەڵدانەوەی گۆڕەکان و گواستنەوەی ڕوفاتی (١٧١) شەهیدی جینۆسایدکراو بۆ پزیشکی دادی بەغدا بەمەبەستی ئەنجامدانی شیکاری و گرتنەبەری ڕێکارە یاسایی و زانستییەکان و دواتر هێنانەوەیان بۆ کوردستان.

دەشڵێت، «بەڵام بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە بۆ ماوەیەک ئەو کارە دواکەوت، پاش ڕەوینەوەی ئەو پەتایە وەزارەتمان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکاری پێویستی ئەنجامدا بۆ هێنانەوەی شکۆمەندانەی ڕوفاتەکان و بەخاکسپاردنەوەیان لە زێدی خۆیان».

لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا جارێکی دیکە شاندی وەزارەتەکە سەردانی دەزگای شەهیدانی عێراقی کرد و بڕیاردرا لەماوەیەکی نزیکدا لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا ئەو ئەرکە نیشتمانیە بگاتە ئەنجام، وەک ئەوەی لە ڕوونکردنەوەی وەزارەتەکەدا هاتووە.

سەبارەت بە ڕێگرییەکانیش دەڵێت، ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد و ژمارەیەک بەناوی کەسوکاری قوربانیان نامەی ناڕەزاییان لە گەڕاندنەوەی ڕوفاتەکان داوەتە دەزگای شەهیدانی عێراق، کە ڕازی نین بەو ڕێکارانەی پێشتر گیراونەتەبەر بۆ هێنانەوەی ڕووفاتی شەهیدانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و شەهیدانی جینۆسایدکراو و گرفتیان بۆ ئەو پرۆسەیە دروستکرد.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان جەخت لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی ئەو (١٧١) ڕوفاتە دەکاتەوە دەشڵێت، هەموو ئامادەکارییەکیشی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامداوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە