پەیامی کورد ... بە پێی بڕیارێک حکوومەتی ئاڵمانیا پردی گوێڕ نۆژەن دەکاتەوە
لە سنووری ناحیەی گوێڕ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن و بەڕێوبەری ناحیەکەش دەڵێت، ئەمڕۆ لەلایەن حکوومەتی ئاڵمانیاوە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی پردی گوێڕ کراوە.
مەسعوود نووری، بەڕێوبەری ناحیەی گوێڕ، ڕایگەیاند: "پردی گوێڕ گەورەترین پردە لە عێراق و لە سەردەمی شەڕی داعش زیانی بەرکەوتووە، لەبەر ئەوەش پردەکە پێویستی بە سەرلەنوێ نۆژەنکردنەوەیە، ساڵی ڕابردوو حکوومەتی ئاڵمانیا پارەی داوەتە حکوومەتی عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ، یەکێک لەو پڕۆژانە بە گوژمەی پێنج ملیار دینار لەلایەن ئەڵمانیاوە دەست بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە کراوە."
بەڕێوبەری ناحیەی گوێڕ گوتیشی: "پردی گوێڕ، مووسڵ و ھەولێر بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ڕێگایەکی بازرگانی و ستراتیژییە لە نێوان مووسڵ و ھەولێر و ھەموو شارەکانی دیکەی عێراق، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە کارئاسانی زۆر دەکرێت بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتییان و کاریگەری لەسەر جووڵەی بازرگانی دەبێت."
مەسعوود نووری ڕوونی کردەوە: "ھەر لە ناحیەی گوێڕ لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێگای چوار گوندی سنوورەکە قیرتاو دەکرێت، کە پێویستی ھەنووکەیی ھاووڵاتیانی ئەو گوندانەن، ھەروەھا وەک ناحیە چەندین پڕۆژەی دیکەش لە پلانی ئێمەدایە کە جێبەجێ بکرێن.''
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە