پەیامی کورد ... بۆ بە کۆتا گەیاندنی ژوورەکانی ھەماھەنگی شاندێکی سەربازی عێراقی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
ساڵی ڕابردوو ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ لەبارەی پێکھێنانی ژمارەیەک ژووری ھەماھەنگی لە ناوچە کوردستانییەکان ڕێک کەوتوون و بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، بڕیارە شاندێکی سەربازی عێراق بۆ تەواوکردنی کاری ژوورەکانی ھەماھەنگی، سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات.
لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی ڕۆشنبیری و ھۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: "ھەنگاوی باش نراوە بۆ ھەماھەنگی و درووستکردنی چەندین ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەر لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک لیژنەی لاوەکییش پێک هێنراون''.
بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: "زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان پێشمەرگە و بەرگری عێراق بەڕێوە چووە و بڕیارە شاندێکی سەربازی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و بەھۆی ڕەوشی ئێستای عێراقەوە سەردانی شاندەکە دوا کەوتووە".
لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "ھەرکاتێک بەغدا ئامادە بێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی سەربازی، ئەوە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیی ھەیە بۆ ئەوەی دەست بە کردنەوەی ئەو ژوورانەی ھەماھەنگی و ئۆپراسیۆن بکرێت و لە ناوچە دیاریکراوەکان پێکەوە بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش دەبینەوە''.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە