پەیامی کورد ... ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١٢/٤ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبووەنەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دوایین دەرئەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە پڕۆژە بودجەی ٢٠٢٠ لە لایەن شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا خرایەروو. ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی دانوستاندکار، جەختی لە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە داکۆکیکردنی لە ماف و شایستە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و بەو ئاراستەیەش شاندەکەی راسپارد کە بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی تا پەسەندکردنی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێگەی هەماهەنگیکردن لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکە، بەجۆرێک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەرچاو بگیرێت.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها ، گفتوگۆی دەربارەی دۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان و گرفت و ئاستەنگەکانی کرد. وەزیری کارەبا کەمال محەمەد ساڵح راپۆرتێکی بەرفراوانی بە داتا و زانیاری پێویست لە بارەی بەرهەمهێنان و خەرجییەکانی کارەبا و کێشە و ئاستەنگەکان و سەرپێچییەکانی بواری کارەبا خستەڕوو. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هەموو هەوڵێک بخاتەگەڕ بۆ باشترکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانی پڕۆژی پێوەری زیرەک بۆ کارەبا دەکات بە جۆرێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا بێت. رێوشوێنی تووندیش بەرامبەر سەرپێچیکاران و ئەوانەی زیادەڕۆیی بۆ سەر تۆڕی کارەبا دەکەن دەگرێتەبەر.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە