بەداخەوە زۆر کەس ئەم ڕۆژانەیان زوو لە بیر کرد " ئەوانەی لە بیریان نەکردووە کۆمێنتێک بنووسن "

بەداخەوە زۆر کەس ئەم ڕۆژانەیان زوو لە بیر کرد " ئەوانەی لە بیریان نەکردووە کۆمێنتێک بنووسن "

پەیامی کورد     ...   بیست و نۆ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ٣١\٣\١٩٩١، تەنیا ١٠ ڕۆژ دوای ئەوەی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی باشووری کوردستان بە پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگەی بەرەی کوردستانی، گەیشتە لووتکە و تواندرا زۆبەری خاکی باشووری کوردستان لەدەست هێزەکانی سەر بە ڕژێمی بەعس عێراق ئازاد بکرێت، ڕژێم هێرشێکی فراوانی زەوینی و ئاسمانی کردە سەر باشووری کوردستان و زۆربەی خەڵک ئاوارە بوون.

دەسەڵاتی ئەوسای عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن ، دیکتاتۆری لەسێدارەدراوی عێراق، بە هەزاران تانک و زرێپۆش و فڕۆکە و هەلیکۆپتەری سەربازی، هێرشێکی زەمینی و ئاسمانیی فراوانی کردە سەر شارەکانی باشووری کوردستان. لە بەرامبەریشدا، ملیۆنەها خەڵک لە کوردستانەوە، وەک نیشاندانی ناڕەزایی بەرامبەر بە ژێردەستەیی بەعس، ماڵ و شارەکانی خۆیان بەجێ هێشت و ڕوویان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان کرد و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی کوردستان لەو ڕۆژەدا شەهید بوون.

لە جەریانی ئەو کۆڕەوە ملیۆنییەدا کە لەژێر هێرشی فڕۆکە و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی ڕووخاوی بەغدا بووە، خەڵکێکی زۆر و بەتایبەت ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە بوونە قوربانی و بە یەکێک لە ڕووداوە هەژێنەرەکانی ئەو قۆناغەی باشووری کوردستان دێتە ئەژمار، هاوکات خاوەنڕایان پێیان وایە کۆڕەوی خەڵکی باشوور گەورەترین ناڕەزایی و یاخیبوونی مەدەنییە بەرانبەر بە داگیرکەر.

جەماوەری کۆچکردوو لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باکووری کوردستان جێگیر و لە دەیان کەمپی سەربازی جێگیر کران و تووشی دەیان دەردیسەری و ئاوارەیی بوونەوە.

هێزە داگیرکەرەکانی ڕژێمی بەعس پاش داگیرکردنی هەولێر و ناوچەکانی دیکەی کوردستان و هەڵاتنی خەڵک بەرەو سنوورەکانی ڕۆژهەڵات، بەتەمای داگیرکردنی ناوچەکانی سۆران و باڵەکایەتی و حاجی ئۆمەران پێشڕەوی کرد کە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی لە داستان و قارەمانێتییەکی چوار ڕۆژەدا بەناوی "داستانی کۆڕێ" شکستی پێ هێندراو و حکوومەتی ناچار بە دانوستان کرد.

لە رۆژانی ٧ و ١١-٤-١٩٩١ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی، لە شەڕی قارەمانانەی کۆڕێدا، کە دواتر بە (داستانی کۆڕێ) ناسرا، توانی دوو ھێرشی فراوانی رژێمی بەعسی ئەوکات تێک بشکێنێت، کە وەک فەرماندە و پێشمەرگەکانی ئەو شەڕە ئاماژەی پێ دەدەن، ئەو سەرکەوتنە کاریگەریی گەورەی ھەبووە و ھاوکێشە سیاسییەکانی ئەوکاتی لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان گۆڕی، بە شێوەیەک، رژێمە دیکتاتۆرە پڕ چەکەکەیی سەدامی ناچار بە دانوستان کرد.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە