پەیامی کورد ... بە داخێکی زۆرەوە حۆکمی سێدارەی حەیدەر قوربانی بەڕێ کرا بۆ بەشی جێبەجێکردنی حۆکمەکان
حۆکمی لە سێدارەدانی "حەیدەر قوربانی"، بەندکراوی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ناوەندی شاری سنە، لە لقی ٢٧ی دیوانی باڵای ووڵات لە قوم پشتڕاست کرایەوە.
بە ووتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدان مەحکووم کراوە و دیوانی باڵای ووڵات ئەو حۆکمەی پشتڕاست کردووەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری کامیاران کراوە".
"حەیدەر قوربانی"، زیندانی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٥ دەسبەسەر کرا و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە هاوکاری لە "تێرۆری" چەند کەس لە دەست وپەیوەندییەکانی حکوومەت تۆمەتبار کرد.
مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، تێلێڤزیۆنی ئینگلیزی زمانی "پرێس تیڤی" بە نیشاندانی ڤیدیۆیەکی دێکۆمێنتاری بە ناوی "شۆفێری مەرگ" (رانندە مرگ)، بەشێک لەو فیلمە دانپێدانانە زۆرەملییەی ئەو زیندانییە کوردەی بڵاو کردەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە ساڵی پار بە تۆمەتی "لێدانی فیزیکی و بریندارکردن بە چەک، بەشداری لە کوشتنی بەئەنقەست، هەوڵدان و یارمەتی بۆ هەڵاتن لە بەدواداچوون و موحاکمە و سزادان، هاوکاری لە کوشتنی بەئەنقەست، دەستپێکی کوشتنی بەئەنقەست، جێ گۆڕکێ بە ژمارەی پلاکی ئۆتۆمبێل ، دەستپێکی دزینی مرۆڤ و وەرگرتنی ماڵی دزراو" لە لقی ١ی دادگای کەیفەری یەکی سنە موحاکمە کرابوو.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنە بە سێ زیندانی تەعزیزی، هەر کامەیان بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بۆ سێ تاوانی هاوبەشی لە کوشتنی بەئەنقەست و هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران "بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی" مەحکووم کرابوو.
هەروەها لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنە ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەی بەهۆی دەسبەسەرداگرتن بە سەر دوو ماشینی پژۆ ٤٠٥دا، بە دوو حوکمی شەلاقی تەعزیری هەر کام بە ڕێژەی ١٠٠ لێدان، بە تاوانی دانانی پلاکی ماشین بە دوو زیندانیی تەعزیری هەرکام بۆ ماوەی ١٥ مانگ ، بە تاوانی دەستپێکی دزینی مرۆڤ بە سزای ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری، بەهۆی سێ تاوانی هەوڵدان و هاوکاری بۆ هەڵاتنی تاوانباران بە ٣ سزای زیندانی هەرکام بە ماوەی ٤ ساڵ مەحکووم کردبوو.
"حەیدەر قوربانی" لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە تۆمەتی "بغی، هەڵگرتنی چەک دژ بە حکوومەت و نیزامی کۆماری ئیسلامی" موحاکمە کراوە و ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٩٨، بە فەرمی حوکمی لەسێدارەدانەکەی لە زیندانی سنە پێ ڕاگەێندراوە.
لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە لەلایەن لقی ١ی لێکۆڵینەوەی دادسەرای کامیاران، پۆلیسی زانیاری و دەزگای هەوالگری کامیارانەوە ئەنجام دراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە