پەیامی کورد … بایدن بە توندی رەخنە لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەگرێت
سەرۆكی ئەمریكا بە تووندی رەخنە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان دەگرێت و بە مەترسییەك بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی ناوی دەبات.
جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا ماوەی كارپێكردن بە بڕیارێكی ساڵی 2019ی درێژكردەوە، كە تایبەتە بەو هەڕەشانەی لە ئەنجامی دۆخی سووریا بۆسەر "ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان" دروستدەبن.
بایدن لە نامەكەیدا بۆ كۆنگرێس نوسیوییەتی: "بارودۆخی ناوخۆی سووریا و پەیوەندیدار بە سووریا، بەتایبەتی ئەوەی كە پەیوەندیی بە هەنگاوەكانی حكومەتی توركیاوە هەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا، كاریگەریی نەرێنییان لەسەر هەڵمەتەكانی تایبەت بە تێكشكاندنی داعش دەبێت و ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی دەخەنە مەترسییەوە، ئەمە جیا لەوەی دەبنە هەڕەشەی زیاتریش بۆسەر ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە"، هەروەها ئەو كارانە دەبنە هەڕەشەیەكی نائاسایی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان".
بایدن دەڵێت، لەبەر ئەو هۆكارانە، دەبێت ئەو بارە نائاساییە نیشتمانییەی لەسەر بنچینەی بڕیاری جێبەجێكاریی ژمارە 13894 لە 14ی ئۆكتۆبەری 2019 دەرچووە بۆ دوای 14ی ئۆكتۆبەری 2021یش بەردەوام بێت و بۆ ماوەی یەك ساڵی دیكە درێژدەكرێتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا توركیا لە دوو پەلاماریدا بە هاوبەشی لەگەڵ بەشێك لە گروپە سورییەكانی هاوپەیمانی دەستی بەسەر عەفرین و ناوچەكانی نێوان سەرێكانی و گرێ سپیی رۆژئاوای كوردستاندا گرتووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە