پەیامی کورد... بە دروشمی "هەڵەبجە بەتەنها جێ مەهێڵن" سبەینێ یادی كیمیاباران دەكرێت
بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت: ئەمساڵ لە ٣٥ەمین ساڵیادی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، مەراسیمەكە بە دروشمی "هەڵەبجە بەتەنها جێ مەهێڵن" لە رۆژی پێنجشەممە كاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی لێرە دەست پێ دەكات.
رۆژی پێنجشەممە یادی ٣٥ ساڵەی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە بەدروشمی ''هەڵەبجە بەتەنیا جێمەهێڵن'' دەكرێتەوە و كاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی مەراسیەكە بەدانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان دەست پێ دەكات.
كامەران مستەفا عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە، رایگەیاند:" ئەمساڵ لە ٣٥ەمین ساڵیادی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، مەراسیمەكە بە دروشمی "هەڵەبجە بەتەنها جێ مەهێڵن" لە رۆژی پێنجشەممە كاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی لێرە دەست پێ دەكات و تاجەگوڵینە دادەنرێت و وتار دەخوێندرێتەوە".
كامەران مستەفا عەبدوڵڵا لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ ئاماژەی بەوە كرد ئەوان لە پێشوازیی خەڵك و هەر كەسێكدا دەبن كە سەردانیان دەكات و بەشدار دەبێت لە مەراسیمی یادی كیمیابارانی هەڵەبجە و وتی: "وەكو بانگهێشتكردنی فەرمی، هیچ كەس و لایەنێكمان بانگهێشت نەكردووە و داوامان لێ نەكردوون بێن، بەڵام چاوەڕوانین هەموو كەسێك بێت سەردانمان بكات و لەو رۆژەدا ئەو یادە بەرز رابگرین".
لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە شارەكە لە ساتە وەختی نزیكبوونەوە لە یادی كارەساتی كیمیابارانی شارەكە، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە رۆژی ١٦ی مانگ بۆ خەڵكی شاری هەڵەبجە تەنها رۆژی بەرزڕاگرتنی ئەو یادە كارەساتبارە بێت و گوتی: "لەگەڵ تەواوی داواكارییەكانی خەڵكی شاری هەڵەبجە و كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجەداین، بەڵام پێویست دەكات لە رۆژی ١٦ی مانگ تەنها تایبەت بێت بە بەرزڕاگرتنی ئەو یادە. ئەگەرنا لە رۆژەكانی ١٥ و ١٧ی مانگ خەڵكی شاری هەڵەبجە و كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە مافی خۆیانە داوای هەر شتێك بكەن".
سەبارەت بە دووبارە رەوانەكردنی بڕیاری بەپارێزگاكردنی شاری هەڵەبجە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، كامەران مستەفا عەبدوڵڵا وتی: "ئومێد دەكەین ئەو رەشنووس و بڕیاری بەپارێزگابوونەی هەڵەبجە كە لە بەردەستی سەرۆكوەزیرانی عێراقدایە لە رۆژی ١٦ی سێدا بیهێنێت لێرە واژووی لەسەر بكات و رایبگەیەنێت. ئومێدیش دەكەین هەموو كەسایەتییە دیارەكان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان بێن سەردانی هەڵەبجە بكەن".
ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو بریارە چوارشەممە ١٥ی ئادار، سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی سەردانی شاری هەڵەبجە بكات لەكاتێكدا بە سەردانێك گەیشتۆتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە