بە فەرمانی حکوومەت ، هێزێکی تایبەت چەندین پاڵاوگەی نەوتیان لە دهۆک داخست

بە فەرمانی حکوومەت ، هێزێکی تایبەت چەندین پاڵاوگەی نەوتیان لە دهۆک داخست

پەیامی کورد    ...     ھێزێکی تایبەتی لە ناوچەی کاشێی دھۆک جێگیر کرا و دوێنێ ڕێگە نەدرا ھیچ پاڵاوگەیەکی نەوت کار بکات، بەڕێوبەری پاراستن و چاککردنی ژینگەی دھۆکیش دەڵێ، ھەموو پاڵاوگەکان داخراون، تەنیا یەک پاڵاوگە  دوێنێ کاری کردووە و، بڕیارەکە بۆ پاراستنی ژیانی ھاووڵاتیانە.

محەمەد تاھر، بەڕێوبەری پاراستن و چاککردنی ژینگەی دھۆک، ڕایگەیاند: "پێشتر بڕیار بوو ھەموو پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن و مەرجی نوێش بۆ پاڵاوگەکانی مۆڵەتیان ھەیە، دەربچێت، بەڵام دوای ئەوەی ناڕەزایەتیی زۆری لێ کەوتەوە بەھۆی پیسبوونی ژینگەی شارەکەوە شەوی ڕابردوو ھێزێکی تایبەت لە ناوچەی کاشێی دھۆک جێگیر کراوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێگە نەدرا ھیچ پاڵاوگەیەک کار بکات".

بەڕێوبەری پاراستن و چاککردنی ژینگەی دھۆک گوتیشی: "ئەو ھێزە سەر بە حکوومەتە و بە فەرمانی حکوومەت ھاتوونەتە ناوچەی کاشێ بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە کارکردنی ئەو پاڵاوگانەی بە نایاسایی کار دەکەن و بوونەتە سەرچاوەی پیسی و بڵاوکردنەوەی نەخۆشی بۆ ھاووڵاتیانی دھۆک."

تاھر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: " ئێمە سەردانی دەڤەری کاشێمان کرد و جگە لە یەک پاڵاوگە، ھیچ پاڵاوگەیەک کاری نەدەکرد و ھەموویان داخراون، ھێزە تایبەتەکەی حکوومەتیش لە شوێنی خۆی ماوەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، تەنیا ڕێگەیان داوە حەوت پاڵاوگە کار بکەن و ئەوانی تر ھەموویان دادەخرێن، بەڵام ئەو حەوتەش دەبێت بە مەرجەکانی حکوومەت کار بکەن."

محەمەد تاھر جەختی کردەوە: "پاڵاوگەکان زیانێکی زۆریان بۆ ژینگە و مرۆڤەکان ھەیە، چوونکە تەنیا پاشەڕۆی پاڵاوگەکانی کاشێ لە تاقیکردنەوە پشکنینی بۆ کراوە و ئەنجامەکەی دەرچووە، کە زۆر مەترسیدارە و دەبێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە