بەپەلە ... بەیاننامەیەکی فەرمی لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ وە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە

بەپەلە  ...   بەیاننامەیەکی فەرمی لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ وە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە

پەیامی کورد   ...    ئەنجومەنی باڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایدەگەینێت، دوێنێ لەكاتی ئەنجامدانی كۆبونەوەی نەوەی نوێ ژمارەیەك لە كچ و كوڕیان دەستگیركراوە.

لە بەیاننامەیەكدا ، ئەنجومەنی باڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی جووڵانەوەکە خۆفرۆشان سزای خۆیان وەردەگرن و دەردەکرێن.

دەشڵێت:"هەرکەسێ بە مەبەست یان بێمەبەست پشت لە جووڵانەوەکە و دەنگدەرانی بکات، ئەوە بێگومان خزمەت بە ئەجێنداکانی دەسەڵات دەکات".

ئەمە دەقی ڕاگەیندراوەكەیە:

بەیاننامەیەکی فەرمی لە ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ-وە
هاونیشتیمانیانی ئازاد
هاووڵاتیانی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان
وەک هەموو لایەک ئاگادارن، لە کاتێکدا کە ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵا سەرقاڵی کۆبوونەوە بوو دەربارەی سزادان و لێکۆڵینەوە لە چەند پەرلەمانتارێکی بەغداد، بەڵام بۆ جاری سێیەم هێزێکی دەمامکدار هەڵیکوتایە سەر ئۆفیسی سەرەکیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە شاری سلێمانی، لەکاتێکدا هەڵکوتانەسەرەکە بەبێ هیچ تەبلیغ و پاساوێکی یاسایی و فەرمانی دادگا بوە و لەو ڕەشبگیرییەدا چەند خۆبەخشێکیشیان لە کچ و کوڕ دەستگیرکردوە. ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ بەڕای گشتیی و هاونیشتیمانیان ڕادەگەینێت کە ئەم هەوڵە ناشیرین و ترسنۆکانەی یەکێتی نامانترسێنێت و بەڵکو لەسەر باوەڕەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بەم سیستمە ستەمکارە سوورترمان دەکات. داواکارین لەسەرجەم لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات و خەڵکی ڕۆشنبیر و نوخبە، لەئاست ئەم بێشەرمییە سیاسییە هەڵوێستیان هەبێت و بۆ مێژوو بێنە دەنگ و مەحکومی بکەن، ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر بە نەوەی نوێ دەکرێت، بێگومان لە داهاتووی نزیکدا بەرامبەر بە ئێوە و هەموو دەنگێکی ئازا و ئازاد دەکرێت.

جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە، ئێمە هۆشیاریی تەواومان بەم موئامەرە موخابەڕاتییە هەیە کە دژ بەنەوەی نوێ دەگوزەرێت و سەرجەم ئەوانەی دەستیان لەگەڵ دەسەڵات و موئامەرەکانیدا تێکەڵ کردووە و بە پلان و پیلان ویستوویانە نەوەی نوێ و ڕۆحی بەرەنگاریی لەناوبەرن، دوای یەکلابوونەوە و جیاکردنەوەی خەڵکە دلسۆزەکەی نەوەی نوێ کە تیبینییان هەیە، لە جاسوس و خۆفرۆشەکان، ئەوا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی جوڵانەوەکە خۆفرۆشان سزای خۆیان وەردەگرن و دەردەکرێن، ئەمە جگە لەوەی دڵنیاشین لەلایەن هاونیشتیمانیان و ئەو خەڵکە بێ ژیان و بێ گیرفانەی دەنگیان پێداون، سزای مۆڕاڵیی دەدرێن.

ئەنجوومەنی باڵای جوڵانەوەکەتان داوا لە هەموو ئەو مرۆڤە شەریف و پاک و دڵسۆزانە دەکات کە ماوەیەکە لێبڕاوانە و ماندوونەناسانە پێکەوە کار دەکەین، نەکەونە نێو تەون و تەڵەی دەسەڵاتەوە و سارد نەبنەوە لە دژایەتییکردنی گەندەڵیی و نادادی کۆمەڵایەتیی، بەڵکو وەک هەمیشە پێکەوە هەوڵی سەرخستنی جوڵانەوەکە بدەین و بێگومان هەرکەسێ بە مەبەست یان بێمەبەست پشت لە جوڵانەوەکە و دەنگدەرانی بکات، ئەوە بێگومان خزمەت بە ئەجێنداکانی دەسەڵات دەکات.
ئەنجوومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ
٥-٥-٢٠١٩

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە