پەیامی کورد ... ساڵح مەلا عومەر، مامۆستای زانستە سیاسییەكان و چاودێری سیاسی رایگەیاند، بڵاوكردنەوەی رێككەوتنەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، ھەموو گومانەكانی رەواندەوە و راستییەكانیشی بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا كرد.
د. ساڵح مەلا عومەر، مامۆستای زانستە سیاسییەكان و چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: "بڵاوكردنەوەی ئەو رێككەوتنانمەیە، زۆر گرینگ بوو بۆ ئێستا، چوونكە بەردەوام بە ھۆی ئەو رێككەوتنانەوە جۆرێك لە لێك تێنەگەیشتن درووست دەبوو و یەكێتیش هەمیشە گۆڕانكاری لە رێككەوتنەكاندا دەكرد و سیاسەتی خۆی دەگۆڕی و پابەندی رێككەوتنەكان نەدەبوو، كە باسیان لەوە دەكرد ئەو جۆرە رێككەوتنەیان نەكردووە، بەڵام كە ئێستا بڵاو كرانەوە، ئیدی دەرفەت بۆ یەكێتی نامێنێت پەشیمان ببێتەوە، بۆیە پێویستە سنوورێك بۆ ناوخۆی خۆیان دابنێن، كە ھەر كەسە و لێدوانێك لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ پارتیدا نەدات، چوونكە ئەمە بووەتە ھۆی ئەوەی حكوومەتیش دوابكەوێت".
وەك مەلا عومەر ئاماژەی بۆ كرد، ئیدی ھیچ گومانێك نامێنێت و رێككەوتنەكە ئاشكرایە بۆ خەڵكی كوردستان و پێویست ناكات یەكێتی باسی ھیچ شتێك بكات و بیانوو بدۆزێتەوە، بۆیە بڵاوكردنەوەی رێككەوتنەكان كاریگەریی ئیجابی بەسەر دۆخی ئێستا دەبێت و پێویستە یەكێتیش سیاسەتی ڕوون بێت و پێداچوونەوە بە خۆیاندا بكەن.
ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەكان دەشڵێ، بە ھۆی لێدوانی جۆراوجۆرەوە، كەس نەیدەزانی رێككەوتنەكە چۆنە، بەڵام كە بڵاو كرایەوە، ئیدی راستییەكان ئاشكرا بوون و دیار بوو كێ ھۆكاری دواكەوتنی حكوومەتە و سیاسەتی پارتی چۆنە و سیاسەتی یەكێتیش چۆنە، چونكە پارتی ھەمیشە خەمی یەكڕیزیی خواردووە و دەخوات، بۆیە بەردەوام ئامادە بووە گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتیدا بكات، لەبەر ئەوە، بڵاوكردنەوەی ئەو رێككەوتنانە، وا دەكات ھەنگاوەكانی پێكھێنانی حكوومەت خێراتر بكرێن، چونكە لایەنگرانی یەكێتیش دەزانن رێككەوتنەكە چۆنە و كێ ھۆكاری جێبەجێنەكردنیەتی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە