بەپەلە ... دەقی دەست لە کار کشاندەنەوەی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی

بەپەلە ...  دەقی دەست لە کار کشاندەنەوەی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی

پەیامی کورد ...  بە گوێرەی زانیارییەکان ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی نامەیەکی دەستلەکارکشانەوەیان ئاراستە کرد و ڕایدەگەێنن، بێ هیوابوون لە "كۆتاییهێنان بە تاكڕەوی و قۆرخكاری لە بڕیارو بەڕێوەبردنی حزبەکەیاندا".

شەش ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی لەنامەیەکدا ڕایدەگەینن، "دوای دانبەخۆداگرتنێكی درێژخایەن و گرتنەبەری هەموو ڕێگایەكی گونجاو بۆ ڕێگری لە بەلاڕێدابردنی بزووتنەوە و كۆتاییهێنان بەقۆرخكاری و دەسەڵاتی تاكڕەوی و بەهەدەردانی وزەو توانای كادیران و ئەندامانمان دوای ئەوەی چەندین جار ڕێگاچارەی دروست و حەكیمانەمان خستەبەردەستی كەسی یەكەم و شورای ناوەندی، بەڵام دەسەڵاتی تاكڕەوانەو قۆرخكاری لەناو حزبدا لەلایەن كەسی یەكەمەوە هەمیشە دەبووە هۆكاری سەرەكی لەباربردنی هەوڵەكانی چاكسازی".


دەقی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

ڕاگەێنراوێك بۆ ئەندامان و كادیران و بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ئیسلامی و ڕای گشتی خەڵكی كوردستان.

ئێمە كە پێكهاتووین لەژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی، دوای دانبەخۆداگرتنێكی درێژخایەن و گرتنەبەری هەموو ڕێگایەكی گونجاو بۆ ڕێگری لە بەلاڕێدابردنی بزووتنەوەو كۆتاییهێنان بەقۆرخكاری و دەسەڵاتی تاكڕەوی و بەهەدەردانی وزەو توانای كادیران و ئەندامانمان و لەپێناوی لەدەستنەدانی زیاتری پێگەی سیاسی و جەماوەری بزووتنەوەی ئیسلامی، دوای ئەوەی چەندین جار ڕێگاچارەی دروست و حەكیمانەمان خستەبەردەستی كەسی یەكەم و شورای ناوەندی، بەڵام دەسەڵاتی تاكڕەوانەو قۆرخكاری لەناو حزبدا لەلایەن كەسی یەكەمەوە هەمیشە دەبووە هۆكاری سەرەكی لەباربردنی هەوڵەكانی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی، سەرەنجام بزووتنەوە بەم بارودۆخە لاوازە گەیشت كەهەموومان دەیبینین، لەكۆتا هەوڵیشماندا لە ۱/۱۱/۲۰۱٨ پرۆژەیەكی چاكسازیمان دایە ڕابەری گشتی و مەكتەبی سیاسی كە گرنگترین خاڵەكانی بریتی بوون لە:

1- كۆتاییهێنان بە تاكڕەوی و قۆرخكاری لەبڕیارو بەڕێوەبردنی حزبدا.
2- ئاشكراكردنی سەرچاوەكانی داهات و دارایی و چۆنیەتی سەرف و خەرجی و سپاردنەوەی بەمەكتەبی دارایی.

3- كۆتاییهێنان بەناڕوونی لە سیاسەتی بزووتنەوەدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.
4- كۆتاییهێنان بە كاری بێ سەروبەری و گێڕانەوەی رۆڵ بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانی باسك و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردیەتی لەچوارچێوەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی.

لەبەر ئەم بارودۆخە نەخوازراوەو بێ ئاكامكردنی هەوڵەكانمان ئێمە ئەم ئەندامانەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیاری دەست لەكاركێشانەوەی خۆمان دا لەئەندامیەتی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی..

كامیل مەحمود ئەندامی مەكتەبی سیاسی

محمد ئەمین ئاشوری ئەندامی مەكتەبی سیاسی

محسن محمد ئەمین ئەندامی مەكتەبی سیاسی

م. عبدالغفور چەمچەماڵ ئەندامی سەركردایەتی

ئارام كەمال ئەندامی سەركردایەتی

سەرباز خۆشناو ئەندامی سەركردایەتی

۲٥/ ۱۲ / ٢٠١٨

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە