بەپەلە ... دژە تێرۆری کوردستان هۆشداری دەداتە دەزگاکانی ڕاگەیاندن

بەپەلە ... دژە تێرۆری کوردستان هۆشداری دەداتە دەزگاکانی ڕاگەیاندن

هێزی دژە تێرۆری کوردستان لە لاپەڕەی فەرمی دژەتیرۆری کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی " فەیسبووک " ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردەوە و دەڵێ : لە ئەگەری هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، هێزەکانی دژەتیرۆر چیتر ڕێگا بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن نادەن لە شوێنی ڕووداوەکە نزیک بکەونەوە.

دژەتیرۆری کوردستان هەروەها داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات بەشێوەیەکی ”بەرپرسیارانە“ مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان بکەن، چوونکە پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان، کارمەندانی ئاسایش و پێشمەرگە ”لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکانتان گرینگترە“.

هەروەک لە ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە، ڕووماڵکردن لەنزیکەوە و لەکاتی ڕووداوەکان ”جگە لە خزمەتکردن بە تیرۆریستان، هیچ مانایەکی تر ناگەینێت“ و دژەتیرۆر چیتر قبووڵی ناکات.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی دژەتیرۆر:

بۆ ھەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بێ جیاوازی

لە ڕووداوەکەی دوێنێ سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر دەرکەوت کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن زۆر ناپرۆفیشناڵانە کار دەکەن و بە ھیچ شێوەیەک ڕەچاوی باری ئەمنی ناکەن لە ڕووماڵکردنی ھەواڵەکانیان، تاکە خەمیان تەنھا لایک و دەستخۆشییە. لەمەودوا خوانەخواستە لە ھەر بارێکی نەخوازراوی وەک ڕووداوەکەی دوێنێ، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە ھیچ جۆرێک مافی ئەوەیان نییە و نابێت نزیکی شوێنی ڕووداو ببنەوە و ڕووماڵی ڕووداوەکان بکەن، بە پێچەوانەوە زۆر بەتوندی لە لایەن دژەتیرۆری کوردستانەوە ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر و بەرپرس دەبن لە ئاکامی کارەکانیان.

تکا دەکەین جارێکی تر دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بپارێزن و، جارێکی دیکە نەکەونە ئەو ھەڵەیە کە چەندین جارە دووبارە دەبێتەوە و، باری ئەمنی ڕەچاو ناکەن، چوونکە لای ئێمە سەلامەتی ھاونیشتمانیان و کارمەندان و پێشمەرگەکانمان لە ڕووماڵکردنی ھەواڵەکانتان گرنگترە.

ئەمجۆرە رووماڵکردنەی کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆ ھەواڵەکان دەیکەن، جگە لە خزمەتکردن بە تیرۆریستان، ھیچ مانایەکی تر ناگەینێت.

ئەم ھەڵسوکەوتەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە یەکەمجار نییە، ھیوادارین دواجاربێت، چونکە ئیدی مایەی قبووڵکردن نابێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە