پەیامی کورد ... بەپەلە ... دوو مووچەیی کۆتایی دێت و عەدالەت دەچەسپێت
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، یاسای چاكسازی خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، وەزیرێكی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێی وایە، ئەم جارە كۆدەنگی لەسەر چاكسازی ھەیە و عەدالەتیش دەچەسپێت.
كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی، رای
گەیاند: "جێبەجێكرنی یاسای چاكسازی وەك خۆی، جێگەی خۆی دەگرێت، بەوەی كە بەدیھێنانی عەدالەتە لەنێو فەرمانبەراندا و ئەوانەیشی بە ناحەق سوودمەند بوونە، لادەبرێن، بێگومان بە ھۆی چاكسازییەوە داھاتێكی زۆریش بۆ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، چونكە خەڵكێكی زۆر بە ناشایستەیی خانەنشین بوونە و ھەموو ئەوانە و بندیوار و دوو مووچەییش كۆتاییان دێت".
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەربارەی رەوشی ئێستا و ئەنجامدانی چاكسازی، بەردەوام و هەفتانە كۆبووەتەوە".
لەبارە كۆدەنگی بۆ جێبەجێكردنی چاكسازی، موسلیم جەختی كردەوە: "بڕیاری چاكسازی لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە و ھەموومان دەنگمان بۆ چاكسازی داوە، ئەگەر كۆدەنگی لەسەر نەبێت، بۆچی دەنگی بۆ دەدەین، واتە كۆدەنگی لەسەر چاكسازی ھەبووە و ھەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران دەنگیان بۆ جێبەجێكردنی چاكسازی داوە".
دەشڵێت: "چەندین كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەركردنی چاكسازی تەرخان كرابوون و دوای ووردەكارییەكی زۆر، ئینجا دەنگی لەسەر دراوە بۆ جێبەجێكردن".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە