بەپەلە ... ژمارەیەکی بەرچاو ماڵباتی کورد لە کەرکووک دەردەکرێن

بەپەلە  ...  ژمارەیەکی بەرچاو ماڵباتی کورد لە کەرکووک دەردەکرێن

پەیامی کورد  ...   لە كەركووك مووڵەتی یەك هەفتەیی بە ژمارەیەكی بەرچاوی خێزانی كورد دراوە تا شوێنی نیشتەجێ بوونیان چۆڵ بكەن، بەرپرسێكی شارەكەش دەڵێ، دەركردن و ھەڕەشەكردن لە ھاووڵاتیانی كورد بەردەوامە.

عەدنان كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "كاتی خۆی ژمارەیەكی زۆری خێزان لە كورد و عەرەب و توركمان لە گەڕەكی بەھاری شاری كەركووك، بە تایبەتی لەنێو ھەندێ شوققەی پەیمانگای شارەكەدا نیشتەجێ بوونە، ئەوانە پێشتر بە فەرمانی ئیدارەی شارەكە لەو شوێنەدا نیشتەجێ بوون و ھیچ كێشەیەكی یاسایی و ئیداریان نییە و زێدەڕۆییان نەكردووە".

ئەو بەرپرسە هەروەها ڕایگەیاندووە : "ئێستا ئیدارەی خۆسەپێنی كەركووك ماڵە كوردەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە شوێنەكەیان بەجێ بهێڵن، بابەتەكەش ھیچ پەیوەندییەكی بە زیادەڕۆییەوە نییە، چوونكە خەڵكی دیكەشی تێدایە وەك عەرەب و توركمان، بەڵام تەنیا ھەڕەشەی دەركردن لە كوردانی ئەو گەڕەكە كراوە نە بە ماڵە عەرەبەكان گوتراوە و نە توركمانەكان".

عەدنان كەركووكی ئاماژە بۆ ئەوە كرد: "پڕۆسەی دەركردن و داگیركاری لە كەركووك ھێشتا بەردەوامی ھەیە، پێش چەند ڕۆژێك لە ناوچەكانی لەیلانیش دەستیان پێ كرد، بەڵام دوای ئەوەی خەڵكی بەرەنگاریان بوونەوە، كشانەوە، ھەر دەرفەتێكشیان بۆ بڕەخسێت دەستی لە داگیركردنی زەویی كورد و دەركردنی كورد لە كەركووك و دەوروبەری ناپارێزن".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە