پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشداریی لەبارەی دەستكاریكردنی دەنگەكان و كەمكردنەوەی بەبیانوی ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەدات، بەرپرسێكی ئەو حزبەش تەئكیددەكاتەوە، بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی فشاری لایەنە دۆڕاوەكانە كە هەوڵی پەكخستنی پرۆسەی سیاسی عیراق دەدەن، دەشڵێت:"تائێستا پارتی بڕیارینەداوە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكات لەعیراق".
لەئێستادا باس لەوەدەكرێت، پارتی هۆشداریداوەتە نەتەوەیەكگرتوەكان و بەرپرسانی بەغدا كە ئەگەر دەستكاری دەنگەكانیان بكرێت بەبیانوی ئەژماركردنەوەی دەنگەكان، ئەوا بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لەعیراق دەكەن.
شوان ئەحمەد بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغدا لەلێدوانێكدا ڕاگەیاند، "هیچ پێویست ناكات دوبارە بژاردنەوە بۆ دەنگەكان بەدەست بكرێت، چونكە پێشتر دەنگەكان بەئەلیكترۆنی ئەژماركراون و ئەگەر هەر هەنگاوێك بنرێت بەئاراستەی كەمكردنەوەی دەنگەكان ئەوا هەڵویستی توندمان دەبێت".
وتیشی:"ناكرێت دەنگەكان پێشتر بەئەلیكترۆنی ئەژماركراوەو دواتر دوبارە بەدەست ئەژماربكرێنەوە، جگەلەوەش تائێستا وەك پارتی بڕیاری ئەوەنەدراوە كە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لەعیراق بكەین".
ئەو بەرپرسەی پارتی لەبەغدا باسی لەوەشكرد، "بایكۆتی پرۆسەی سیاسی، فشاری لایەنە دۆڕاوەكانەو دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە گرفت بۆ پرۆسەی سیاسی عیراق درووستبكەن".
لێدوانی بەرپرسەكەی پارتی لەبەغدا لەكاتێكدایە، دادگای باڵای فیدراڵی ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو دوا بڕیاری خۆی ڕاگەیاندو جەختیكردەوە، دژی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەو ئەوروپایەو ئەوكارە بەپێشێلی یاساو مافی هاوڵاتیان دەزانێت، بەڵام هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دوبارە ئەژماركردنەوەی دەنگەكانی بەدەست بەكارێكی ئاسایی زانی، لایەنە ناڕازیەكانی هەرێمیش جەخت لەسەر ناڕەزاییەكانیان دەكەنەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە