پەیامی کورد ... پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، تا كۆتایی ئەم مانگە پرسی یاسای سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان یەكلایی دەكرێتەوە و دەشڵێ، لە مانگی نیسانی دابێ مەسروور بارزانی بۆ پێكھێنانی كابینەكەی رادەسپێردرێت.
د. سەباح زێباری رایگەیاند: "پارتی پڕۆژەیاسایەكی بۆ سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان ئامادە كردووە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا لە پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، بڕیاریشە ئەمڕۆ ھەردوو شاندی پارتی و یەكێتی لە پیرمان كۆ ببنەوە و پڕۆژەكەش زیاتر پەیوەستە بە ئەنجامی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، چوونكە ئەگەر یەكێتی بەشداری بكات، ئەوا پێكەوە لە پەرلەمان دانوستان لەسەر پڕۆژەكە دەكەین، لە ئەگەری نەھاتنی یەكێتییش، پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان یەكلا دەكرێتەوە".
پەرلەمانتارەكەی پارتی گوتیشی: "پارتی بڕیاری خۆی داوە تا كۆتایی ئەم مانگە ئەو بابەتە كۆتایی بێت، چونكە كات لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەكدا نییە و پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زۆر دوا كەوتووە، ئێمە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆژەكە تاوتوێ دەكەین".
لەبەرامبەر پێكھێنانی كابینەی نوێ، دكتۆر سەباح زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "تا سەری مانگ پرسی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان ئەگەر بە تەنیاش بین یەكلای دەكەینەوە، هەروەها لە مانگی داھاتوودا، واتا نیسان، كاندیدی پارتی بۆ پێكھێنانی كابینەكەی رادەسپێردرێت و ئەوەش یەكلا دەكرێتەوە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە