پەیامی کورد ... بڕگەی ئەمنی رێككەوتنی شەنگال لە نێوان هەولێر و بەغدادا دەستی بە جێبەجێ کردن کرد
قائیمقامی شارۆچكەی شەنگال رایگەیاند : دەست بە جێبەجێكردنی بڕگەی ئەمنی رێككەوتنی شەنگال لە نێوان هەولێر و بەغدادا كراوە و ئێستاش خەڵك ناویان بۆ هێزیكی نوێ لە شارەكە تۆمار دەكەن.
لە رێككەوتنی نێوان حكوومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان دا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال، یەكێك لە خاڵە گرینگەكان، دانانی هێزێكی نوێ بوو بۆ شەنگال، كە لە خەڵكی خودی شارەكە بێت و ٢٥٠٠ كەس بێ، كە ١٥٠٠ كەس لە كەمپەكان و ١٠٠٠ كەسیش لە نێو شاری شەنگال بێ.
قائیمقامی شارۆچكەی شەنگال، مەحما خەلیل، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "تا ئێستا ٨ هەزار كەس ناویان بۆ هێزە نوێیەكەی شەنگال تۆمار كردووە، خەڵكیش پێیان وایە ئەم هێزە، هێزێكی شەرعییە، چوونكە هەردوو حكوومەت پشتیوانی لێ دەكەن".
خەلیل ووتیشی: "ئەوانەی ناویان نووسیوە، هەموویان خەڵكی شەنگالن و خەڵكانێكی زۆریش ئامادەن بچنە ناو ئەم هێزەوە، چوونكە خەڵك لە هێزە نایاساییەكان بێزار بووە".
ناوبراو دەشڵێ، تا ئێستا دیاری نەكراوە ئەو هێزە كەی دەست بە كارەكانیان دەكەن، بەڵام ناونووسینەكە بەردەوامە و هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراقیش بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال، لەسەر هێڵن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە