بەندکراوێکی ژنی خەڵکی پیرانشار بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە

بەندکراوێکی ژنی خەڵکی پیرانشار بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە

پەیامی کورد … بەندکراوێکی ژنی خەڵکی پیرانشار بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە

سوعدا خەدیرزادە خەڵکی پیرانشار کە دووگیانیشە و پێشتر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە دەستبەسەر کرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە گوازرایەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی  رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١)، سوعدا خەدیرزادە هاووڵاتی دەستبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار دوای ٢٥ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە سوعدا خەدیرزادە نەشتەرگەری ڕیخۆڵەکوێرەی بۆ کراوە و بە بێ هەبوونی پشووی دوای نەشتەرگەری بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی خەدیرزاد، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سوعدا خەدیرزاده هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.

سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)بە بێ نیشاندانی هیچ حوکمێکی دادوەری لەلایەن ئیتلاعاتی ئەو شاره  دەستبەسەر کراوە و دوای دەستبەسەر کران ڕۆژی شەممە ٢٤ی ڕەزبەر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سوعدا خەدیرزاده دووگیان بووە و پێویستی بە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیانی هەیە، بەڵام بەوحاڵەش شوێنی ڕاگیرانی نادیاره.

هەتا کاتی ئاماده کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خراونەتە پاڵ سوعدا خەدیرزاده، لەبەر دەستدا نییە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە