پەیامی کورد ... لە شاری هەولێر باندێکی تەزویرکردنی ڤیزە دەستگیر کران کە دەیان هەزار دۆلاریان لە هاووڵاتیان بە فێڵ وەرگرتووە.
سامی جەلال، بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە ژێر پەردەی کۆمپانیایەکی گەشتووگوزار، ئەو باندە ڤیزەی ساختەیان بە هاووڵاتیان فرۆشتووە".
راشیگەیاند: "بۆ هەر ڤیزایەک، باندەکە 15 بۆ 20 هەزار دۆلاریان لە هاووڵاتیان سەندووە، بەبێ ئەوەی پەنجە مۆر و چاوپێکەوتن بکەن، ووڵاتێکی دراوسێش تێوەگلاوە".
ئاماژەی بەوەشدا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل، دەست بەسەر چەند ڤیزایەکی ساختەی تورکیادا گیراوە و دواتر لێکۆڵینەوەیان کردووە و چەند کەسێکیان دەستگیر کردووە.
باندەکە زیاتر هاووڵاتیانی خەڵکی سووریایان کردووەتە ئامانج و پێیان گوتوون کە ڤیزای تورکیایان بە فەرمی بۆ دابین دەکەن، بەڵام ڤیزەکان ساختە بوون.
تاکو ئێستا چەند جارێک نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەکانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیانیان ئاگادار کردووەتەوە کە هیچ مامەڵەیەکی وەرگرتنی ڤیزا نەکەن ئەگەر لە رێگای بریکارە فەرمییەکانی ئەو کونسوڵخانانەوە نەبێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە