پەیامی کورد ... هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" جەختدەكاتەوە، هاوکارییەكانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و دووبارە لەناوچەكانی سەربە جزیرە (حەسەكە، قامیشلۆ و دێرێك) و هەروەها دێرزۆر بڵاوبوونەتەوە.
لەوبارەیەوە كینۆ گابریێل ووتەبێژی هەسەدە لەبەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردوە هاریكاریەكانی نێوان هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا بەردەوامە و دووبارە دابەشبوونەوەی هاوبەش لەو ناوچانەی جزیرە و دێرزۆریش تەواو بوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، كاری هاوبەش بۆ راوەدوونانی پاشماوەكانی داعش و دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی دانیشتوانی ناوچەكە لەهێرشە تیرۆریستییەكان بەردەوامە، هەروەها سەرجەم كێڵگە نەوتی و گازییەكان لەو ناوچانەدا دەپارێزرێن.
كینۆ گابریێل روونیشیكردوەتەوە، سەقامگیری لەباكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پێویستی بەوەیە توركیا و رووسیا پابەندبن بە پرۆسەی راگرتنی شەڕ بەیەکجاری ، هەروەها كاربكرێت بۆ كردنەوەی رێگەی نێودەوڵەتیی M4 لەبەردەم هاووڵاتیاندا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە