بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

پەیامی کورد    ...    ئەمڕۆ چوارەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوەچوو، تیایدا لەژێر رۆشنایی راسپاردەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، وەزیری دارایی و ئابووری چەند بڕیارێکی دەرکرد.

چوارەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوەچوو
 
ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی (٩/٤/٢٠٢٠) بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەکانی، ئەنجوومەنی وەزارەتی دارایی وئابووری بەسەرپەرشتى ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ژمارە (٤)ی ئاسایی خۆی بە شێوازی ئۆنلاین ئەنجامدا.
 
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی وئابووری، دەستخۆشی لە ستافی وەزارەتی دارایی وئابووری کرد کە هاوشانی براو خوشکەکانیان لە وەزارەتەکانی تەندرووستی و ناوخۆ و پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش، کە بەردەوام بوون لە دەوامکردن و راییکردنی کارەکانی وەزارەت بە باشترین شێوە، هەروەها باسی لەناوەرۆکی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە ئەنجوومەنی وەزیران کرد کە دوای پەسەنکردنی پەیرەوی یاسای چاکسازی ئەنجامدرا.
 
لەژێر رۆشنایی راسپاردەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، وەزیری دارایی و ئابووری بریاریدا لەسەر:
١- کاراکردنی سندوقی خانەنشینی لەهەرێمی کوردستاندا و کردنەوەی ئەژمێرەیەکی تایبەتی بانکی بۆ ئەو سندوقە.
٢- بەرێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی راسپێردرا لەسەر ئامادەکردنی پەیکەری نوێی بەرێوبەرایەتی گشتی خانەنشین،  کە دەبێتە تاکە بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینان لەهەرێمدا، بەشێوەیەک گشت خانەنشینانی (شارستانی، سەربازی، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، یەکە رێکنەخراوەکانی هێزەکانی پێشمەرگە) لەخۆدەگرێت.
٣- بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری راسپارد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشمەرگە، بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بگرنە بەر بەمەبەستی یەکخستن و رێکخستنی یەکەکانی ژمێریاری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
 
٤- بڕیاردرا لەسەر پەیڕەوکردنی میکانیزمێکی گونجاو بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کردنەوەی ئەژمێرەیەکی کەسی بۆ سەرجەم موچەخۆران.
٥- ئامادەکردنی رێکارە یاسایی و کارگێرییەکان، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانیەکان.
٦- بڕیاردرا لەسەر هەماهەنگی تەواو لەنێوان لیژنەی باڵای وەزارەتی دارایی و ئابووری تایبەت بە  جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لەگەڵ سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە پێناو جێبەجێکردنی خێرای یاساکەدا.
 
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری
٩/٤/٢٠٢٠

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە