بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە: سەرجەم هێزەکانى یەکەی حەفتا و هەشتا یەکدەخرێنەوە

بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە: سەرجەم هێزەکانى یەکەی حەفتا و هەشتا یەکدەخرێنەوە

پەیامی کورد... بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە: سەرجەم هێزەکانى یەکەی حەفتا و هەشتا یەکدەخرێنەوە

ئەمڕۆ سێشەممە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بواری چاکسازیدا هەنگاوی جیدی گرتووەتە بەر و بەردەوامیشە لەو پرۆسەیە، ساڵی داهاتووش سەرجەم هێزەکانى یەکەی ٧٠ و٨٠ لە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگە یەکدەخرێنەوە.

 

عەقید فەرمان فەرهاد جێگرى بەڕێوەبەرى گشتىی میرە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە فەرمانگەی "میدیا و زانیاری" راگەیاند، رێکخستنەوە لە بنبڕکردنى دوو مووچە و مووچەی نایاسایی کراوە و تاوەکو ئێستاش ٣١ هەزار و ٣٨٢ ئەفسەر و پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەژمێری بانکیان بۆ کراوەتەوە و لە بانکەکان مووچە وەردەگرن.

 

جێگرى بەڕێوەبەرى گشتیى میرەی وەزارەتى کاروباری پێشمەرگە ئاماژەشی بەوەدا "تاوەکو ئێستا ٢٠ لیوا لە هێزەکانی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی هێزەکانی هاوپەیمانان یەکخراونەتەوە و دوو لیوای دیکەش لە ژێر پڕۆسەی یەکخستنەوەدان. بڕیاریشە ساڵى داهاتوو بە هەماهەنگى وەزارەتى پێشمەرگە و سەرۆکایەتى ئەرکان، تەواوى هێزەکانى یەکەی (٧٠- ٨٠) بخرێنەوە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگە".

 

مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگەى کوردستان یەکێکی دیکەیە لە کارەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى میرەش رای گەیاند ''لە کابینەى نۆیەم گرنگی زۆر بە پێدانی مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگەى کوردستان کراوە، ئەمەش بە هاوبەشى لەگەڵ هێزەکانى هاوپەیمانان کراوە. تاوەکو ئێستاش زیاتر ٦٠%ی هێزەکانى پێشمەرگە بەشدارییان لە مەشق و راهێنانە سەربازییەکان کردووە و ئەو پڕۆسەیەش بەردەوامی دەبێت".

 

سەبارەت بە سەنگەرسازی و پرچەککردنى هێزەکانى پێشمەرگە، ئەو بەرپرسەی هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێ ''سەرجەم سەنگەرەکانی پێشمەرگە پتەوکراون و بە تەواوەتی ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو هەڕەشەیەکی دوژمنانی کوردستان، هەروەها لە ئێستادا چەکى پێویست و گرنگ بۆ هێزەکانى سەر بە وەزارتى پێشمەرگە هەیە و تەواوى هێزەکان چەک و کەلوپەلى سەربازى پێویستیان لەبەردەستە''.

 

بەپێى داتاکانى وەزارەتى پێشمەرگە سێ هەزار و ١٨ دۆسیەی خانەنشینی بەهۆکاری تەندروستی، سەربازی و کۆچکردن گواستراوەتەوە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری. هەروەها هەزار و ١٨ دۆسیەی شەهیدانی سەنگەری دژ بە تیرۆریستانی داعشیش گواستراوەتەوە سەر وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، هەر لە میانەى چاکسازییەکانى وەزارەت دا نۆ هەزار و ٦٤٦ کەمئەندام چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە و دۆسیەیان بۆ ئامادە کراوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە