بیركۆتی بۆ ماڵپه‌ڕی KDP: كاندیدی یەكێتیی بۆ جێگری مه‌سروور بارزانی قوباد تاڵەبانییه‌

بیركۆتی بۆ ماڵپه‌ڕی KDP: كاندیدی یەكێتیی بۆ جێگری مه‌سروور بارزانی قوباد تاڵەبانییه‌

كۆبوونەوەی دوێنێی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ ڕای گشتی دڵخۆشكەر بوو، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێ: "بڕیار لەسەر كردنەوەی لاپەڕەیەكی سپی درا بۆ كاركردن، كاندیدی یەكێتییش بۆ جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم، قوباد تاڵەبانییە".

دوای چەندین كۆبوونەوە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پەیوەست بە پێكھێنانی حكوومەتی نوێی ھەرێمی كوردستان، دوێنێ ٥ی٢ی ٢٠١٩ جارێكی تر یەكێتی و پارتی لە ئاستی شاندی باڵادا كۆبوونەوە و ھەریەك لە گوتەبێژی پارتی و یەكێتی ئەنجامی كۆبوونەوەكەیان بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند و مەحموود محەمەدیش گوتی: "لە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەماندا، دەستەی سەرۆكایەتی ھەڵدەبژێردرێت".

پەیوەست بەم دانیشتنەی دوێنێ، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، ڕێباز بیركۆتی، تایبه‌ت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە نێو كۆبوونەوەكەی دوێنێدا وەك سەرەقەڵەمێك باس لە ھەردوو كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان كرا، كە دەبێتە پشكی یەكێتی، بەڵام جێگر نەبووە لەبەر ئەوەی ماوەیەكی ماوە تاوەكوو ئامادەكاری دەكەین بۆ ناوەكان وەك یەكێتی، دوو خاتوونیش كاندیدن بۆ سەرۆكی پەرلەمان و ھەردووكیشیان ناویان لە ڕاگەیاندن ھەیە، بەڵام تا ئێستا یەكلا نەبووەتەوە و ماوەیەكی دەوێت تاوەكو لە نێو ئەنجوومەنی سەركردایەتیدا بڕیار لەسەر یەكێكیان دەدرێت."

پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسروور بارزانی بۆ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كاندید كردووە، پەیوەست بە جێگرەكەی، كە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئەندامێكی لە نێو خۆیدا كاندید دەكات، بیركۆتی گوتی: "كاندیدی جێگری سەرۆكی حكوومەت لەلایەن یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوە، ھەر قوباد تاڵەبانییە و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش لە نێوان بێگه‌رد تاڵەبانی و ڕێواس فایەق، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی یەكلای دەكاتەوە."

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەشڵێت: "پارتی و یەكێتی لە نێو كۆبوونەوەكەی دوێنێدا لەسەر چەند خاڵێك ڕێككەوتن و لاپەڕەیەكی نوێیی كاركردنیان بەیەكەوە كردەوە، لە چەند ڕۆژی داھاتووشدا بەرنامەی كۆبوونەوەكە دەچێتە چوارچێوەی كاركردنی نێوان یەكێتی و پارتی، تاوەكوو ئەو بەرپرسیارەتییەی لەسەر شانی پارتی و یەكێتییە، پێكەوە ھەڵی بگرین، چونكە پارتی  و یەكێتی ڕەفیقی نیوەی ڕێگا نین و مێژووی دوورودرێژیان لەگەڵ یەكتردا ھەیە و نابێت گوێ بە بابەتی لاوەكی بدرێت، مەبەستە ستراتیژییەكەیش سەركەوتنی ھەرێمی كوردستانە، كە لای ھەمووان بابەتێكی چارەنووسساز و گرینگە."

وەك رێباز ئاماژەی دا: "چەندان جار لە كۆبوونەوە و دانیشتنەكاندا، جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە یەكێتی و پارتی لەسەر ستراتیژی كاركردنی ھەردوو ڕێبەری گەورە جەنابی مەسعوود بارزانی و مام جەلال تاڵەبانی كار بكەن و كوردستان لە ژێر ڕۆشنایی ئەم دوو سەركردایەتییەدا بەڕێوە ببردرێت، چونكە خەڵك چاوەڕێی ڕێككەوتن و كاری باشن لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان."

فایزە كۆیی

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە