پەیامی کورد... ڕۆبێرتۆ کارلۆس و پاتریک کلویفێرت گەیشتنە هەولێر
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هەر دوو ئەستێرەی جیهانی پێشووی تۆپی پێ ڕۆبێرتۆ کارلۆس و پاتریک کلویفێرت گەیشتنە شاری هەولێر و لەلایەن پارێزگاری ئەو شارەوە پێشوازییان لێکرا.
پەیجی فەرمی پارێزگاری هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، و نەبەز عەبدولحەمید قایمقام، لە فرۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی پێشوازییان لە هەر دوو ئەستێرەی ناوداری تۆپی پێی جیهان " ڕۆبێرتۆ کارلۆس" و "پاتریک کلویفێرت" کرد.
ئەوەش هاتووە، لە دیدارێکدا پارێزگاری هەولێر هیوای خواستووە کاتەکانیان لە هەولێر بە خۆشی بەسەربەرن، هەروەها پێی ڕاگەیاندون کە ئەوان دوو یاریزان و ئەستێرەی جیهانی خۆشەویستن لە لای ئەوان و لەنێو لاوانی هەولێر و هەرێمی کوردستان بەگشتی و خاوەنی هەزارەها هەوادارن، لەو ڕۆژانەی کە لێرەن ئەوە بە چاوی خۆیان دەبینن، بەو ئومێدی ئەوەش یەکەم سەردان و دوا سەردانیان نەبێت.
بەپێی بڵاوکراوەکەی پارێزگای هەولێر، لەلایەن خۆیانەوە هەر دوو ئەستێرەکەی تۆپی پێ زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کراوە و خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان نیشانداوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە