پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی وەزیران ڕێکارەکانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی کۆلێرا و دابەزاندن و کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی تاووتوێ دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 22 ی حوزەیرانی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە دیدارەکەی لە گەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دا و لەمبارەیەوە وەزارەت و بەرپرسانی حکوومەتی ڕاسپارد، هاوکاری زیاتری دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەن و ئاسانکاری پێویستیان پێشکەش بکەن و زیاتر زانیاری و ڕوونکردنەوە دەربارەی کار وچالاکییەکانی حکوومەت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی کوردستان بگەیەنن، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی حکوومەت لە ڕووی شەفافیەت و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی.
دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرەڕای پشتگیریکردنی لە وتەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، پێشنیاری کاراکردنی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان ژمارە 11 ساڵی 2013 کرد، ئەویش لە ڕێگەی دەرکردنی ڕێنمایی ئاسانکاری جێبەجێکردنی یاساکە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سیستماتیک، بابەتی پێدانی زانیاری درووست، بە ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتییان ڕێک بخرێتەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندرووستی ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی دەربارەی ڕێکارەکانی وەزارەتی تەندرووستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی نەخۆشیەکانی سکچوونی تووند و پەتای کۆلێرا وکۆنتڕۆڵکردنیان خستەڕوو کە تیایدا بە ئامار و شیکاری، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی پەتاکە و ئامادەکاری و ڕێکار و ووڵامدانەوەی وەزارەتەکەی خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران، سەرەڕای سوپاس و دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندرووستی بۆ کار و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، پێشنیارەکانی ڕاپۆرتەکەی وەزیری تەندرووستی پەسەند کرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوون لە سەر ڕێکارەکانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە و چارەسەرکردنی سەرچاوە و هۆکاری نەخۆشیەکە، بە تایبەتی پاكکردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو و هوشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لەمبارەیەوە.
پاشان لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت ، دەرەنجامی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە کێشەی بەنزین خرایەڕوو. سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ کارکردنیان بۆ دابەزاندن و کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی و پاراستنی کوالێتییەکەی و ڕاشیسپاردن کە بەردەوامبن لە سەر ئەو ڕێکارانە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و کۆنترۆلکردنی نرخی سووتەمەنی.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گرینگترین کار و پڕۆژەکانی چاکسازی کە لە لایەن وەزارەتەکانی کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونیان ئەنجامدراون لە چوارچێوەی هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری کابینەکە و یاسای چاکسازی ژمارە 2 ساڵی 2020 کە لە لایەن وەزیرەکانەوە خرایە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و دواتریش بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە، ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی کردەوە لە بەردەوامبوون لەسەر پلان و بەرنامەی چاکسازی کابینەکە کە بەشێکی گرینگ و سەرەکی بەرنامەی کاری کابینەکەیە.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوە، ئەنجوومەنی وەزیران ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەسەند کرد تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 140 و داڕشتنەوەی بڕیاری ژمارە 145 تایبەت بە ئاسانکاری بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان، تاکو بارگرانی نەبوونی بەرهەمە خۆراکیەکان یان گرانبوونیان لە سەر هاووڵاتییان دروست نەبێت، ئەویش بە بەردەوامبوونی هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی لە سەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان تا 2022/9/30 وەک ( ئارد ، برنج ، زەیتی خواردن، و ڕۆنی بەستووی ڕووەکی وئاژەڵی ، چای ڕەش ، شەکر ، پاقلەمەنی وشک ( نۆک، نیسك، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیاو ماش) ، شیری منداڵان بە هەموو جۆرەکانییەوە. هەروەها ئاسانکاریی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ دابینکردنی گۆشتی سوور لە ڕێگای هەڵپەساردنی مەرجی بەدەستهێنانی مۆڵەتی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ گۆشتی سوور تا 2022/10/17 بە ڕەچاوکردنی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان و پاراستن و پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی و دۆخی کەمی لەوەڕگاکان وکەمی ئالیک و تیمەکانی چاودێریی بازاڕ و لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی بەردەوام بن لە چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگرتن لە خراپ سوود وەرگرتن لەم ئاسانکاریانە و بەرزکردنەوەی نرخەکان.
لە بڕگەی چوارەمی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی پابەندبوونی حکوومەتی بە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارە 5 ساڵی 2015 کردەوە و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی داد، بە هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕیەکان، بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی یاساکە، لە پێناوی پاراستن و پارێزگاریکردنی ئەو ناوچانەی پێکهاتە جیاکانی هەرێمی کوردستان تێێدا جێگیربوون وڕێگەگرتن لە هەر ڕەفتار وسیاسەتێکی نەرێنی کە ببێتە هۆی گۆڕینی بارودۆخی ڕەسەنی ئەو ناوچانە یان گۆڕینی دیمۆگرافیان.
لە بڕگەی کۆتاییدا، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی خستەڕوو سەبارەت بە پێویستی و گرینگی بەردەوامبوونی پرۆسەی ووردبینی و پێداچوونەوەی سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەکانی نەوت وگاز لە هەرێمی کوردستان و برەودان بە شەفافیەت لە ڕێگای بەردەوامی خستنەبەردەستی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە زانیاری و ژمارەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتن و خەرجی و داهاتی نەوت وگاز بۆ ڕای گشتی. ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی پڕۆژەی ئێستای تایبەت بە ووردبینی و پێداچوونەوەی قۆناغەکانی نەوت وگاز و داهات وخەرجییەکانی، لە دوای چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی خزمەتگوزاری ووردبینی کۆمپانیای دیلۆیت ، لە ڕووی نرخ وتێچووی خزمەتگوزارییەکە و خستنەڕووی ڕاپۆرتی مانگانە، سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت وگاز بۆ ڕای گشتی و فراوانکردنی چالاکیبەکانییان و دەوڵەمەندکردنی ڕاپۆرتەکانی مانگانە . جەختیش لەسەر ڕاهێنانی فەرمانبەرانی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم کرایەوە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان و نوێکردنەوەی یاسا وڕێنمایی و پێوەرەکانی دارایی و ووردبینی کارپێکراو لەهەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە نوێ و هاوچەرخەکانی ئەم بوارە .
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە