پەیامی کورد … بەرپرسی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ئاژەڵان لە پیرانشار دەستبەسەر کراوە
د. فایق ساوجبڵاغی بەرپرسی ئەنجومەنی پشتیوانانی ئاژەڵەکان لە پیرانشار مانگێک پیش ئێستا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، د. فایق ساوجبڵاغی، بەرپرسی ئەنجومەنی “پشتیوانانی ئاژەڵان” لە پیرانشار مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ (ئاگۆست) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ساوجبڵاغی: “ئەم بنەماڵەیە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا و بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووسی ڕۆڵەکەیان چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشاریان کردووە و بەردەوام حاشایان لەوە کردووە کە لەلایەن ئەوانەوە دەستبەسەر کرابێت و لە وڵامدا وتبوویان کە فایق چووەتە هەرێمی کوردستان و لەوێ دەستبەسەر کراوە. دواجار لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکرانی ناوبراوی بە ئەستۆ گرتووە.
د.فایق ساوجبڵاغی پێشتر لەگەڵ ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژینگەپارێزی چالاکی هەبووە بەڵام دواتر و دوای دامەزراندنی ڕێکخراوی پشتیوانانی ئاژەڵان کە بە ەفرمیش تۆمار کراوە وەکوو بەرپرسی ئەو ڕێکخراوەیە چالاکی کردووە.
هەتا کاتی ئامادە کردن ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەر کرانی د. فایق ساوجبڵاغی و هەروەها شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵی ناڕوونە.
جێگای ئاماژەیە کە د.فایق ساوجبڵاغی تەمەن ٤٠ ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێکە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە